چاڵێکی لەسێدارەدانی ڤایکینگەکان دۆزرایەوە

PM:01:59:03/03/2026

4636 جار خوێندراوەتەوە

خوێندکارانی بەشی شوێنەوارناسی زانکۆی کامبریج لە کاتی مەشقی مەیدانیدا، گەیشتنە دۆزینەوەیەکی دەگمەن و ترسناک، کە پەردە لەسەر لایەنێکی شاراوەی سەردەمی "ڤایکینگەکان" لادەدات.

بەپێی ڕاپۆرتی زانکۆکە، خوێندکارەکانچاڵێکی لەسێدارەدانی سەردەمی ڤایکینگەکانیان دۆزیوەتەوە، چاڵەکە پاشماوەی دە کەسی تێدابووە، لەنێویاندا لاشەیەکی سەربڕدراو و پیاوێکی باڵابەرز کە باڵای زیاتر لە شەش پێیە، شوێنی کونکردن لەسەر کەلەسەری دیارە هەروەها شێوازی کەوتنی ئێسکەپەیکەرەکان ئەوە نیشان دەدات کە پێش کوشتنیان دەست و پێیان بەستراوەتەوە.

دکتۆر ئۆسکار ئاڵدرید سەرۆکی تیمی هەڵکەندنەکە، پشتڕاستیکردەوە کە پێدەچێت هەندێک لە مردنەکان لە ئەنجامی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵەوە بێت نەک شەڕەوە و دەشڵێت "ڕەنگە شوێنەکە پەیوەندی بە ئەرکە پیرۆزەکان یان کۆبوونەوە گرنگەکانەوە هەبووبێت، هەروەها ڕەنگە ئەو کەسانە ئەندامەکانی جەستەیان وەک دەستکەوتێک یان نیشانەی سەرکەوتنی جەنگ نمایشکرابن پێش ئەوەی بنێژرێن".

تۆنی کالادین، بەڕێوەبەری دەستەی شوێنەواری ئینگلتەرا، دەڵێت "ئەم دۆزینەوەیە زۆر گرنگە، چونکە یارمەتیمان دەدات تێبگەین مرۆڤە ئاساییەکان لەو سەردەمە پڕ لە ئاڵۆزی و جەنگەی ڤایکینگەکاندا چۆن ژیاون و چۆن سزادراون."

ئەم چاڵە کە مێژووەکەی بۆ سەدەی نۆیەمی زایینی دەگەڕێتەوە، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ خوێندکارانی کامبڕیج ڕەخساندووە تا لە ڕێگەی بەڵگەی ماددی ڕاستەقینەوە، بەشێکی نوێ لە مێژووی ناوچەکە بنووسنەوە.