شێرێک هێرش دەکاتە سەر کچێکی منداڵ

PM:03:28:03/03/2026

13740 جار خوێندراوەتەوە

دیمەنێکی ترسناک لە باخچەیەکی ئاژەڵان لە وڵاتی چین هەمووانی تووشی شۆک کردووە، کچێکی تەمەن ١٠ ساڵ لە کاتی پێدانی خواردن بە شێرێک، دەکەوێتە بەر هێرشێکی کتوپڕ و ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، ڕووداوەکە کاتێک دەستی پێکرد کە یەکێک لە پاسەوانانی باخچەکە، کچە منداڵەکەی بردبووە ناوچەیەکی تایبەت بۆ ئەوەی لە نزیکەوە خواردن بدات بە شێرێک، سەرەڕای ئەوەی بەپێی یاسا تەمەنی منداڵەکە ڕێگەی پێنەدەدرا بەشداری لە ئەزموونێکی ئاوا مەترسیداردا بکات.

لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە شێرەکە لە ڕێگەی درزێکی قەفەسەکەوە چنگی دەهاوێت و جلی منداڵەکە دەگرێت و قاچی بەرەو ناو قەفەسەکە ڕادەکێشێت، دەنگی هاواری کچەکە و ترس و دڵەڕاوکێی ئامادەبووان دیمەنێکی ترسناکی لە باخچەکەدا دروست کردبوو.

پاسەوانەکە بە خێرایی دەستوەردان دەکات و بە دارێکی ئاسن چەند جارێک لە شێرەکە دەدات تاوەکو ناچاری بکات کچەکە بەربدات، دوای ململانێیەکی سەخت کە نزیکەی ٣٠چرکەی خایاند، دواجار توانرا کچەکە لە چنگی شێرەکە ڕزگار بکرێت.

میدیا ناوخۆییەکانی چین بڵاویانکردووەتەوە کە کچەکە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و تەنها چەند برینێکی کەم لە قاچیدا هەبووە، دوای وەرگرتنی ڤاکسین نەخۆشخانەکەی جێهێشتووە.

جێگەی باسە دایک و باوکی کچەکە ئیدارەی باخچەکەیان بە بەرپرسیار نەزانیوە لە ڕووداوەکە، بەڵام پاسەوانەکە کارەکەی دوورخرایەوە بەهۆی سەرپێچیکردنی ڕێنماییەکانەوە، باخچەکەش بە شێوەیەکی کاتی داخراوە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە سیستەمی سەلامەتی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە بکرێت.