کەسێکی ئاسایی چەند نهێنی لە ناخیدا شاردووەتەوە؟

PM:12:52:03/03/2026

108 جار خوێندراوەتەوە

زۆربەمان وا راهاتووین کە هەندێک لایەنی ژیانمان تەنها بۆ خۆمان بێت، بەڵام ئایا تا ئێستا بیرت لەوە کردووەتەوە کە بە تێکڕا چەند نهێنی لە ناختدا هەن؟ توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی "میلبۆرن" وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، توێژینەوەکە دەریخستووە کە هەر کەسێکی ئاسایی نزیکەی نۆ نهێنیی گەورە لە ناخیدا دەشارێتەوە، ئەم نهێنییانە لە درۆی سادەی ڕۆژانەوە دەست پێدەکەن تا دەگاتە ترس و ئارەزووە قووڵەکان.

لیستی ئەو شتانەی خەڵک وەک نهێنی لای خۆیان دەیهێڵنەوە پێکهاتووە لە:

- درۆکردن،زۆرترین ڕێژەی نهێنییەکانە.

- ترس لە شێوەی دەرەوە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە ڕوخسار و جەستە.

- کێشەی دارایی و ئارەزووی سۆزداری.

- بابەتە هەستیارەکان وەک ئازاردانی کەسانی دیکە (دەروونی یان جەستەیی)، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، دزیکردن، یان تەنانەت نارازیبوون لە کار و پلاندانان بۆ هاوسەرگیری.

دکتۆر ڤاڵ بیانکی، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە، دەڵێت "نهێنییەکان لە کاتی قاپشۆردن، خۆشۆردن، یان لە کاتی چوونە سەر کار دێنە ناو مێشکت و دەبنە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ و بێزارییەکی بەردەوام."

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بیرکردنەوەی لەناکاو لە نهێنییەکان، هەستێکی نەرێنی دروست دەکات کە ڕەنگە بۆ چەندین کاتژمێر کاریگەرییەکەی بمێنێتەوە، زۆربەی بەشداربووانیش دان بەوەدا دەنێن کە زۆر کات مێشکیان لای ئەوەیە "ئەگەر خەڵک بزانن، چی دەڵێن؟".

توێژینەوەکە جیاوازی دەکات لە نێوان دوو جۆر نهێنیدا، یەکەمیان نهێنییە نەرێنییەکان کە دەبنە هۆی فشار و تێکچوونی باری دەروونی، دووەمیان نهێنییە ئەرێنییەکان وەک هەواڵی دووگیانی یان سوپرایزی هاوسەرگیری ئەمانە وزە و هەستی خۆشی بە کەسەکە دەبەخشن.

زانایان دەڵێن شاردنەوەی نهێنی لە ڕووی پەرەسەندنەوە وەک میکانیزمێکی بەرگری سەری هەڵداوە بۆ پاراستنی خود و کەسانی دەوروبەر، یان بۆ پاراستنی ناوبانگ لە ناو کۆمەڵگەدا.

ئامۆژگاری پسپۆڕان بۆ کەمکردنەوەی باری قورسی نهێنییەکان ئەوەیە کە کەسەکە پەنا بۆ تێڕامانی ئەرێنی ببات یان لە حاڵەتە سەختەکاندا هاوکاری لە ڕاوێژکارە دەروونییەکان وەربگرێت تاوەکو ئەو پەستانە دەروونییەی لەسەریەتی کەمببێتەوە.