هەرچەندە هەسارەی "مووشتەری" بە پاشای هەسارەکانی کۆمەڵەی
خۆر دادەنرێت، بەڵام لە قووڵایی گەردووندا جیهانگەلێکی وا هەن کە قەبارەیان چەندین
جار لەو گەورەترە و زانایانیان تووشی سەرسوڕمان کردووە.
توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری "Nature Astronomy" بڵاوکراوەتەوە،
تیشک دەخاتە سەر سێ هەسارەی گازی زەبەلاح کە ١٣٠ ساڵی ڕووناکی لە زەوییەوە دوورن،
ئەم هەسارانە بە دەوری ئەستێرەیەکدا دەسووڕێنەوە کە ناوی "HR 8799"ـە
و کێشیان ٥ بۆ ١٠ هێندەی کێشی مووشتەرییە.
بە بەکارهێنانی داتاکانی تلسکۆبی "جێمس وێب"، زاناکان
توانیویانە پێکهاتەی کیمیایی بەرگەهەوای ئەم هەسارانە بپشکنن، ئەوەی بووەتە جێی
سەرسوڕمان، دۆزینەوەی گازی "کبریتیدی هایدرۆجین" بوو
لەناو بەرگەهەوای دوو لەو هەسارانەدا.
پێشتر زاناکان وایان دەزانی ئەم هەسارە زەبەلاحانە وەک ئەستێرەکان دروست
بوون بەڵام بوونی گازی کبریت و ماددە قورسەکان دەیسەلمێنێت کە ئەمانە وەک هەسارەکان
دروست بوون، واتە سەرەتا ناوکێکی ڕەق دروست بووە و پاشان گازەکانی دەوروبەری خۆی
کۆکردووەتەوە، ڕێک وەک چۆن مووشتەری دروستبووە.
ئەم هەسارانە زۆر لە ئەستێرەکەیان دوورن (١٥ بۆ ٧٠ هێندەی دووری زەوی
لە خۆر)، بەپێی تیۆرە کۆنەکان زۆر ئەستەمە هەسارەی وا گەورە لەو دوورییەدا دروست
بێت، مایکڵ مایەر، زانای گەردوونناسی دەڵێت "دروستبوونی هەسارەی وا گەورە بەو
کاراییە، شتێکە مێشک بڕوای پێ ناکات و پێویستە لێکۆڵینەوەکانمان زیاتر بکەین"