ئایا جۆرەکانی ADHD کامانەن ؟

PM:04:47:06/03/2026

256 جار خوێندراوەتەوە

زانایان بۆیان دەرکەوتووە کە فرە جووڵەیی و کەمی سەرنج تەنها یەک جۆر نییە بەڵکو دابەشدەبنە سەر چەند جۆرێکی جییاواز.

بە پێی توێژینەوەکانی دەزگای American Psychiatric Association (APA) تێکچوونی کەمیی سەرنج و فرەجوڵەیی، کە بە کورتکراوەی ADHD دەناسرێت، تەنها وەک "سەرکێشی" یان "تەمەڵی" نییە، بەڵکو جیاوازییەکی بایۆلۆژییە لە شێوازی کارکردنی مێشکدا کە کار دەکاتە سەر کۆنتڕۆڵکردنی ڕەفتار و سەرنجدان.

ئەم تێکچوونە دەمارییە کار دەکاتە سەر گواستەرەوە کیمیاییەکانی مێشک (وەک دۆپامین) و دەبێتە هۆی ئەوەی کەسی تووشبوو لە ڕێکخستنی کات، تەواوکردنی ئەرکەکان و کۆنتڕۆڵکردنی کتوپڕی ڕەفتارەکانیدا تووشی زەحمەتی ببێت.

گرنگترین زانیاری ئەوەیە کە ADHD سێ جۆری سەرەکی هەیە کە نیشانەکانیان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت

جۆری یەکەم: بێسەرنجی (Inattentive Type) لەم جۆرەدا کەسەکە بە زەحمەت دەتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ سەرنج بدات، زۆر شت لە بیر دەکات، زوو مێشکی بە شتی جیاواز جیاوازەوە سەرقاڵ دەبێت و لە جێبەجێکردنی ڕێنماییە وردەکاندا تووشی کێشە دەبێت،بەڵام مەرج نییە ئەوەی ئەم حاڵەتەی هەبێ لە هەمان کاتدا فرە جوڵەش بێ

جۆری دووەم: فرەجوڵەیی و سەرکێشی (Hyperactive-Impulsive Type)کەسەکە هەست دەکات وەک بزوێنەرێک کار دەکات و ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ لە شوێنێک دانیشێت،هەروەها زۆر قسە دەکات، یان بڕیاری خێرا و بێ بیرکردنەوە دەدات و زۆرجار ناتوانێت چاوەڕێی نۆرەی خۆی بکات

جۆری سێیەم: تێکەڵاو (Combined Type) ئەمە باوترین جۆرە کە تێیدا نیشانەکانی هەردوو جۆری یەکەم و دووەم پێکەوە لە کەسەکەدا دەردەکەون، واتە هەم کێشەی فرە جوڵەیی هەیە و هەم کێشەی بێ سەرنجیش.