لە یەکێک لە وێستگەکانی ویلایەتی ئوتار
پرادیش لە وڵاتی هیندستان، رووداوێکی ترسناک و پڕ لە دڵەڕاوکێ روویدا، کاتێک ژنێک
لە کاتی هەوڵدان بۆ سەرکەوتن بۆ ناو شەمەندەفەرێکدا دوو جار لەسەریەک دەکەوێت و
ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، ژنەکە بە خێرایی لە تەنیشت شەمەندەفەرەکەوە رادەکات
کە تازە دەستی بە جوڵە کردووە، ئامانجی ئەو ژنە گەیشتن بووە بە کورسیی منداڵەکەی
کە پێشتر لە ناو شەمەندەفەرەکەدا جێگیر کرابوو.
لە ڤیدۆکەدا دەردەکەوێت سەرەتا ئەو
ژنە هاوسەنگیی لەدەست دەدات و بە توندی بەسەر سەکۆی وێستگەکەدا دەکەوێت دواتر سەرەڕای
کەوتنەکەی، دووبارە هەڵدەستێتەوە و ڕادەکات بەڵام جارێکی دیکە دەکەوێتەوە، بەڵام
لە کۆتایدا دەست بە درگایی شەمەندەفەرەکەوە دەگرێت خۆی ڕادەکێشێتە ناو
شەمەندەفەرەکە و لە ڕووداوێکی دڵتەزێن ڕزگاری دەبێت.
ئەوەی جێگەی سەرنج بوو تەنها کەوتنی
ژنەکە نەبوو، بەڵکو بێدەنگی و بێهەڵوێستیی کەسانی دەوروبەری بوون، لە کاتێکدا
ژنەکە لە ململانێدا بوو لەگەڵ مردن، کەس لە دەوروبەری هەوڵی نەدا ڕایبگرێت یان
یارمەتی بدات، ئەمەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخنەیەکی زۆری لێکەوتەوە و بە نەبوونی
هەستی بەرپرسیارێتی ناوبرا.
دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە،
دەسەڵاتدارانی هێڵی ئاسنی هیندستان هۆشدارییەکی توندیان بڵاوکردەوە، ئەوان جەختیان
لەوە کردەوە کە سەرکەوتن یان دابەزین لە شەمەندەفەری جوڵاو مەترسییەکی کوشندەیە و
ڕەنگە ببێتە هۆی کەمئەندامیی یان گیانلەدەستدان، پێویستە پێش رۆشتنی شەمەندەفەرەکە
لە شوێنی خۆیان جێگیر بن، پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی سەلامەتی لە هەموو شتێک
گرنگترە، تەنانەت ئەگەر شەمەندەفەرەکەش بەجێیان بهێڵێت.