ئایا خواردنەوەی چا لەگەڵ شیر مەترسی لەسەر تەندروستی دروست دەکات؟

PM:01:16:16/02/2026

4096 جار خوێندراوەتەوە

زۆر کەس هۆشداری سەبارەت بە مەترسییەکانی خواردنەوەی چا لەگەڵ شیردا بڵاودەکەنەوە، پێیان وایە ئەم تێکەڵەیە کە ملیۆنان کەس لە ژەمی بەیانیاندا دەیخۆنەوە، مەترسی تەندروستی دروست دەکات کە کاریگەری لەسەر هەڵمژینی کالیسیۆم و ئاسن هەیە، بەڵام بنەمای زانستی ئەم هۆشدارییانە چین؟.

دکتۆر شەیما حەکیم پسپۆڕی خۆراک، ڕاستییەکانی لەبارەی کاریگەری چای لەگەڵ شیر لەسەر هەڵمژینی ماددە خۆراکییەکان ڕوونکردەوە و دەڵێت "کاریگەرییان لەسەر کالیسیۆم زۆر لاوازە، واتە نیگەرانییەکان لەبارەی لەدەستدانی کالیسیۆم لە ئەنجامی خواردنەوەی چا لەگەڵ شیردا زیادەڕەوی تێدا دەکرێت".

دووپاتی کردەوە کە چا لەگەڵ شیر بە گشتی زیانی نییە، بەڵام ئەوانەی ئامانجیان باشترکردنی هەڵمژینی کالیسیۆمە، بەتایبەتی ئەو کەسە بەساڵاچووانەی کە تووشی پووکانەوەی ئێسک دەبن، پێویستە یەک کاتژمێر خواردنی چا لە ژەمە دەوڵەمەندەکان بە کالیسیۆم جیابکەنەوە یان چایەکی کەمتر بخۆنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کاریگەری نەرێنی کاتێک ڕوودەدات کە بڕی چا زۆر بێت و چڕییەکەی بەهێز بێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە مامناوەندی لە هەردوو بڕ و چڕبوونەوەدا کاریگەرییەکە کەمدەکاتەوە و وا دەکات زیانی نەبێت.

خۆراکی دروست پەیوەستە بە هاوسەنگی و بڕی و کاتی خۆیەوە نەک نەخواردنەوەی، چونکە قەدەغەکردنی تەواوەتی ئەو خواردن و خواردنەوانەی کە خەڵک پێی ڕاهاتوون، مەترسیدارترە.

وتیشی " خواردنەوەی چا لەگەڵ شیر وەک بژاردەیەکی گونجاو و خۆش بۆ زۆربەی خەڵک دەمێنێتەوە، بەو مەرجەی بڕی مامناوەند بێت و گرنگی بەو گروپانە بدرێت کە پێویستیان بە چاودێری تایبەت هەیە لە هەڵمژینی کالیسیۆم و ئاسن".