بەهجەت یەحیا بەرهەمێکی نوێ بڵاودەکاتەوە

PM:12:15:14/02/2026

1880 جار خوێندراوەتەوە

هونەرمەند بەهجەت یەحیا گۆرانییەکی نوێ بە ناوی " شەڕڤانێ" بڵاودەکاتەوە.

هونەرمەند بەهجەت یەحیا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاند بەرهەمێکی نوێی بە ناوی "شەڕڤانێ" بڵاودەکاتەوە.

بەرهەمەکەی لەهۆنراوە و ئاوازی هونەرمەند خۆیەتی، ئارام سەردار کاری موزیك و تۆمارکردن و میکس و ماسترینگ و بەرهەمهێنانی بۆ ئەنجامداوە.

جێگەی باسە لە بڵاوکراوەکەیدا دەرباری شەڕڤانان نووسیویەتی "کیژی کوردی شەڕڤان بووبە شانازیی ، نەك هەر بۆ نەتەوەی کورد بەڵکوو بۆ هەموو مرۆڤایەتی ، ئەوان بەوێنەی شیرین عاشقن بەڵام فەرهادەکەیان کوردستانە ، سەلماندیان بەبێ ژن، مەحاڵە ژیان و ئازادی ، لەڕۆژئاوا دایکانمان بینی کە بەدەستێك خەمی نیشتمان و بەدەستەکەی تر پرچی کیژۆڵەکانیان دەهۆنیەوە ، بینیمان ژن بەو هەموو ناسکیەوە چۆن دەتوانێت ئەوەندە ڕەق بێت بەرانبەر بە ستەم ، لەساتە دژوارەکاندا بەدەم سرود و شاییەوە لەپێناوی ژیاندا باوەشیان بەمەرگداکرد ، نیشانی هەموو جیهانیاندا ، کە کورد نەتەوەیەکە حەزی بەئازادی و بە ژیان و بەئاشتی و بەهونەر و ڕەنگ و موزیكە ، بڕینی پرچەکان نەیانتوانی ڕۆحی بەرخودان خامۆش بکەن ، ئەوان نەتەوەیەکیان بەئاگاهێنایەوە کەمێژووەکەی ئەوەندە بریندارە دەست بۆ هەر جێگایەکی بەریت بەدەستتەوە ئەبێت بەخۆڵ و لەنێوانی پەنجەکانتەوە ئەکەوێتە سەرزەوی ، ئەوانە هەناسەی کوردستانن ، نەیانهێشت پلانی نامرۆڤانە و سیاسەتی بێ مۆراڵی نێودەوڵەتی بمانخنکێنێت."

بەهجەت یەحیا یەکێکە لە ھونەرمەندە دیارەکانی باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٦٥ لەگەڕەکی کانی ئاسکانی شاری سلێمانیدایکبووە، خاوەنی چەندین کاری هونەریە.