ئایا خواردنەوەی ئاوی گەرم تەندروستە؟

AM:09:29:09/02/2026

500 جار خوێندراوەتەوە

لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم بابەتە هێشتا بەردەوامن، بەڵام تاقیکردنەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە خواردنەوەی ئاوی گەرم بە بەردەوامی چەندین کاریگەری لەسەر جەستە دروست دەکات.

پسپۆڕانی خۆراک ڕوونی دەکەنەوە کە ئاو بەشدارە لە شێدارکردنی جەستە بەبێ گوێدانە پلەی گەرمییەکەی، جا گەرم بێت، یان سارد بێت، پسپۆرانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکەن کە پیاوان ڕۆژانە پێویستیان بە نزیکەی ١٥.٥ کوپ ئاو هەیە، بە بەراورد بە ١١.٥ کوپ بۆ خانمان.

لە لایەکی دیکەوە شارەزایان ئەو بانگەشەیە باوانە رەتدەکەنەوە کە دەڵێن خواردنەوەی ئاوی گەرم چەوری دەتوێتەوە یان جەستە لە ژەهر ڕزگار دەکات، ئەمەش پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەم قسانە لە ڕووی زانستییەوە بێ بنەمان.

ئاوی گەرم ڕەنگە هەندێک سوودی سنوورداری هەرسکردنی هەبێت، توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە خواردنەوەی بە تایبەت لە کاتی گەدەی بەتاڵدا، یارمەتی هاندانی جوڵەی ڕیخۆڵەکان دەدات، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ڕێکخستنی زیاتر هەروەها شلە گەرمەکان یارمەتی ئارامکردنەوەی ماسولکەکانی گەدە دەدەن، کە ئاوسانی گەدە و ناڕەحەتی و قەبزی کەم دەکاتەوە.

بەگوتەی شارەزایان، خواردنەوەی ئاوی گەرم پێش ژەمەکان وا دەکات زووتر هەست بە تێربوون بکەیت لە رێگەی چالاککردنی وەرگرەکانی تێربوون، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر هاوسەنگی شەکری خوێن دروست دەکات هەروەها ماندوێتی کەمدەکاتەوە و باری دەروونی باشتر دەکات.

خواردنەوەی ئاوی گەرم لە کاتی وەرزشکردندا کاریگەرییەکی زۆر دروست ناکات، پسۆران دەڵێن باشترە لە کاتی وەرزشکردندا ئاوی فێنک یان شلەتێن بخۆیتەوە، چونکە یارمەتی دابەزاندنی پلەی گەرمی جەستە دەدات و بەرگەگرتن باشتر دەکات، بەتایبەتی لە کەشوهەوای گەرمدا.

ئەگەر خواردنەوەی ئاوی گەرم لەگەڵ لیمۆ یان میوەی دیکە تێکەڵ بکرێت دەبێتە هاندەری زیادکردنی وەرگرتنی شلە، شارەزایان جەخت لەسەر گرنگی ئارەزووی کەسی دەکەنەوە، ئاوی گەرم دەتوانێت بەشێکی ئارامکەرەوە بێت لە ڕۆتینی ڕۆژانەت، جا چ بەیانیان بێت یان پێش خەوتن بژاردەیەکی گونجاوە لەناو شێوازێکی ژیانی هاوسەنگدا.