یەک ملیۆن بلیتی مۆندیال فرۆشراوە

PM:03:08:17/10/2025

100 جار خوێندراوەتەوە

تا ئێستا یەک ملیۆن بلیتی جامی جیهانی 2026 فرۆشراوە لە قۆناغی تایبەتی پێش دەستپێکی بلیت فرۆشتن.

فیفا رایگەیاند کە زیاتر لە یەک ملیۆن بلیتی مۆندیالی 2026 لە قۆناغی تایبەتی پێش دەستپێکی بلیت فرۆشتن فرۆشراوە؛ کە ئەمەش ژمارەیەکی سەرنجڕاکێشە و بەپەرۆشی جیهانی بۆ گەورەترین پاڵەوانێتی مێژووی تۆپی پێدا نیشان دەدات.

بەپێی راگەیەندراوەکەی فیفا، هاندەرانی 212 وڵات بەشداریان لەم قۆناغە تایبەتەی پێش فرۆشتنی بلیتەکاندا کردووە، هاوڵاتیانی سێ وڵاتی میواندار کە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیکن، زۆرترین ژمارەی کڕینیان هەبووە، لە دوای ئەوانیش ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، بەرازیل، ئیسپانیا، کۆڵۆمبیا، ئەرجەنتین و فەرەنسا دێن.

لەو بارەیەشەوە ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا وتی:چ دەستکەوتێکی باوەڕپێنەکراوە لەسەر ڕێگای مۆندیالی 2026، ئەمڕۆ ئاهەنگ دەگێڕین بۆ تێپەڕاندنی یەک ملیۆن بلیت لە قۆناغی پێش فرۆشتن، ئەمەش نیشانەیەکی روونە لە بەپەرۆشی جیهان بۆ گەورەترین و گشتگیرترین مۆندیال لە مێژوودا.

تا ئێستا 28 هەڵبژاردە سەرکەوتنیان بۆ مۆندیالی 2026 بەدەستهێناوە، کە یەکەم جار دەبێت 48 هەڵبژاردە بەشداری تێدا بکەن، تێیدا 104 یاری لە 16 شاری سێ وڵاتی میواندار بەڕێوەدەچێت.

فیفا باسی لەوەشکردووە، قۆناغی یەکەمی فرۆشتنی گشتی بلیتەکان لە 27ی تشرینی یەکەمەوە دەستپێدەکات، هاندەر جگە لە تاک بلیتی یارییەکان دەتوانێت پاکێجی هەڵبژاردەکان بکڕێت کە سەرجەم یاری هەڵبژاردەیەکی دیاریکراو لەخۆ دەگرێت.