سەرمایەدارێک سامانەکەی دەکات بە ناوی نەیمارەوە

PM:02:47:04/09/2025

4004 جار خوێندراوەتەوە

بازرگانێکی بەڕازیلی کێشەی تەندرووستی هەیە و بڕیاریداوە سامانەکەی بکات بە ناوی نەیمارەوە.

بازرگانێکی تەمەن 31 ساڵان لە ویلایەتی ریۆ گراندە دۆسول لە بەرازیل وەسیەتنامەیەکی فەرمی لە دادنووسی گشتی تۆمارکردووە، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە سەروەت و سامانەکەی کە بە یەک ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت دەبێت بچێتە دەست نەیمار دا سیلڤای ئەستێرەی یانەی سانتۆس و هەڵبژاردەی بەڕازیل.

پێگەی جی زێد ئێچ، باسی لەوەکردووە، کە بەڵگەنامە یاساییەکان لە 12ی حوزەیرانی 2025 بە فەرمی کراوە، بڕیارە نەیمار کۆمەڵێک سەروەت و سامانی بەرفراوان وەربگرێت، لەوانە خانووبەرە و وەبەرهێنان و پشکەکانی کۆمپانیا گەورەکانی بازرگانەکە.

ئەو نوێنەرەی وەسیەتنامەکەی داڕشتووە، داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، سەبارەت بە بڕیارەکەی بۆ پێدانی سەروەت و سامانەکە بە ئەو ئەستێرەیە دەڵێت: من نەیمارم خۆشدەوێت، هەست بە نزیکییەکی زۆر دەکەم لێی، ئەو خۆپەرست نییە، ئەمەش لەم سەردەمەدا دەگمەنە.

ئەو پیاوە بازرگانە ئاماژەی بەوەشکردووە، رووبەڕووی کێشەی تەندروستی بووەتەوە و رەنگە تەمەنی درێژ نەبێت، باسی لە پەیوەندییەکانی نەیمار لەگەڵ خێزانەکەی کردووە و دەشڵێت: پەیوەندی نەیمار لەگەڵ باوکی ئەو پەیوەندییەم بیردەخاتەوە کە لەگەڵ باوکمدا هەبوو بەڵام ئێستا کۆچی دوایی کردووە، ئەوەش بۆ من مانای زۆرە.