هەڵەبجە لە نێوان جینۆساید و ئیکۆسایددا
PM:08:01:13/03/2026
776 جار خوێندراوەتەوە
فەرمان حسێن دەروێش
+
-
خوێندنەوەیەک بۆ وێرانکردنی مرۆڤ و ژینگە
تاوانێک کە هەرگیز نابێتە ڕابردوو:
کاتێک باس لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ دەکرێت،
زۆربەی لێکۆڵینەوە مێژوویی و سیاسییەکان تەنها لە چوارچێوەی(جینۆساید، Genocide) یان کۆمەڵکوژیی
مرۆییدا دەوەستن، بێگومان شەهیدبوونی پێنج هەزار مرۆڤی بێتاوان لە چەند ساتێکی کەمدا،
تاوانێکی هێندە گەورەیە کە ویژدانی مرۆڤایەتی دەهەژێنێت، بەڵام کێشە گەورەکە لێرەدا
کۆتایی نایەت، ئەوەی لە هەڵەبجەدا ڕوویدا تەنها هەوڵێک نەبوو بۆ سڕینەوەی فیزیکیی
نەتەوەیەک، بەڵکو پرۆسەیەکی فرەڕەهەند بوو بۆ لەناوبردنی هەموو ئەو مەرجانەی کە ژیان
لەسەر ئەم خاکە دەستەبەر دەکەن، ئا لێرەدایە کە چەمکی(ئیکۆساید، Ecocide) یان (ژینگەکوژی)
وەک تەواوکاری تاوانی جینۆساید دێتە پێشەوە.
ئیکۆساید (ژینگەکوژی): بریتییە لە ئەنجامدانی
هەر کارێکی نایاسایی یان سەرپێچییەکی بێباکانە، کە بە زانیاریی پێشوەختە لە ئەنجامە
مەترسیدارەکانی ئەنجام بدرێت و ببێتە هۆی وێرانکارییەکی بەرفراوان، قورس یان درێژخایەن
لە ژینگەدا، کەواتە بە وێرانکردنی بە ئەنقەست و بەرفراوانی ژینگەی ناوچەیەک پێناسە
دەکرێت. ئیکۆساید لە هەڵەبجەدا هاوشانی جینۆساید جێبەجێ کرا، حکومەتی عێراق تەنها
مرۆڤی نەکوشت، بەڵکو سیستەمی ژیانی لەو ناوچەیەدا بۆ چەندین دەیەی داهاتوو ژەهراوی
کرد.
فەلسەفەی ئیکۆساید وەک ئامرازی جینۆساید:
لە فەلسەفەی سیاسیی ڕژێمە تۆتالیتارەکاندا،
بۆ ئەوەی گروپێک بە تەواوی کۆنترۆڵ بکات یان بسڕێتەوە، پێویستە (پەیوەندیی نێوان
مرۆڤ و ژینگە) بپچڕێنرێت، لە مێژووی جینۆسایدەکاندا، وەک ئەوەی لە ڤێتنام (بەکارهێنانی
ماددەی پرتەقاڵی) یان لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا بینیمان، وێرانکردنی ژینگە ئامرازێک
بووە بۆ ئەوەی ڕزگاربووەکان هیچ شوێنێکیان بۆ گەڕانەوە نەبێت، لە جینۆسایدی هەڵەبجەدا
بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لووتکەی ئیکۆساید بوو، گازی خەردەل و سارین تەنها بۆ چەند
خولەکێک لە هەوادا نامێننەوە، بەڵکو ئەوان دەبنە بەشێک لە مێژووی بایۆلۆژیی ناوچەکە،
ئەمە تەنها (کوشتن) نییە، بەڵکو (ئەشکەنجەدانی خاکە) بەبەردەوامی بۆ ئەوەی چیتر بەرهەمی
نەبێت، لێرەوە دەتوانین بڵێین ئیکۆساید لە هەڵەبجەدا بەشێکی دانەبڕاو بووە لە
ستراتیژیی (سڕینەوەی ناسنامە) لەلایەن حکومەتی عێراق، چونکە ناسنامەی کورد بە قووڵی
بە خاک و شاخ و سروشتەکەیەوە بەستراوەتەوە، کاتێک سروشت ژەهراوی دەکرێت، لە ڕاستیدا
مێژوو و یادەوەریی ئەو گەلەش ژەهراوی دەکرێت.
بایۆ-پۆلەتیک و دەستکاری جینیی نەوەکان:
بە گەڕانەوە بۆ چەمکی بایۆ-پۆلەتیکی
(میشێل فۆکۆ) دەبینین ڕژێمی بەعس لە هەڵەبجەدا تەنها چەکی بۆ یەکلاییکردنەوەی جەنگ
بەکارنەهێنا، بەڵکو چەکەکەی وەک ئامرازێکی (پۆلەتیکی ژیان) بەکار هێنا بۆ تێکدانی
بنەما بایۆلۆژییەکانی مرۆڤی کورد، ئەمە وایکرد کە تاوانەکە لە سنووری کات (١٩٨٨)
بچێتە دەرەوە و ببێتە وێرانکارییەکی بەردەوام لە ناو جەستە و خانەکانی نەوەکانی
دوای تاوانەکە.
ئیکۆساید لە هەڵەبجەدا تەنها دار و بەردی
نەپێکا، بەڵکو دەستکاریی (بایۆلۆژیای مرۆڤی کورد)یشی کرد. گۆڕانکاریی جینی (Genetic mutations) کە بەهۆی
بەرکەوتنی چەکی کیمیاییەوە دروست بووە، وایکردووە کە تاوانەکە لە دوای ١٩٨٨ نەوەستێت.
بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە، نەخۆشییە دەمارییە دەگمەنەکان، تێکچوونی پرۆسەی زاوزێ، نەخۆشییەکانی
پێست و کۆئەندامی هەناسە، حاڵی تەندروستی بریندارانی هەڵەبجە تا ئێستا هەموویان بەڵگەی
ئەوەن کە ئیکۆساید جۆرێکە لە (جینۆسایدی هێواش) و بەردەوام، ئەمەش تاوانێکە کە کاتی
کۆتایی هاتنی نییە چونکە ژەهرەکە لە باوانەوە بۆ نەوەکان دەگوێزرێتەوە، لێرەدا (ژینگە)
و (جەستە) دەبنە یەک یەکە و وێرانکردنی یەکیان وێرانکردنی ئەوی تریانە.
میراتی ژەهراوی، خاک و ئاو لە دوای
١٩٨٨:
یەکێک لە مەترسیدارترین لایەنەکانی ئیکۆساید
لە هەڵەبجەدا، مانەوەی پاشماوەی ماددە کیمیاییەکانە لە ناو قووڵایی خاک و ئاوەکاندا،
لێکۆڵینەوە زانستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک لەو پێکهاتانە بۆ چەندین دەیە
کاریگەرییان دەمێنێت، کاریگەریی ئەم ژەهرە لە دوو ڕەهەندی سەرەکیدا دەردەکەوێت:
ژەهراویبوونی زنجیرەی خۆراکی و گۆڕانی
پێکهاتەی خاک: ئەو ناوچە کشتوکاڵی و باخدارییەی ناوچەی هەڵەبجە، هەورامان و دەشتی
شارەزوور پێیان دەناسرێتەوە، بێگومان لە دوای تاوانەکە ڕووبەڕووی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان
بووەتەوە. ژەهراویبوونی خاک بە ماددە کیمیاییەکان، بە جۆرێک بووە کە تەنانەت پێکهاتەی
خاکی گۆڕی و خەسڵەتە سروشتییەکانی لەدەستدا، بەڵام بەداخەوە ئێمە ڕاپۆرتی زۆر وردی
زانستیمان لەبەردەست نییە بیسەلمێنین.
ئاوی ژێر زەویی: ناوچەی شارەزوور و هەورامان
بە دەوڵەمەندیی سەرچاوە ئاوییەکان ناسراون، بارانبارینی دوای کیمیابارانەکە،
پاشماوەی گازە نیشتووەکانی بۆ ناو کانی و کارێزەکان گواستەوە، بێگومان ئەم گواستنەوەیەش
کاریگەریی خۆی هەبووە لەسەر تەندروستی، تەنانەت ئەوانەی لە هێرشەکەش ڕزگاریان ببوو
لە ڕێگەی خواردنەوەی ئاوەوە تووشی کێشەی تەندروستی بوونەتەوە، بەڵام بەداخەوە دیسان
سەرچاوەی پێویستمان نییە ئەمە بسەلمێنین.
لێکەوتە دەروونی و سۆسیۆلۆژییەکان (تراومای ژینگەیی):
لە بواری تراوما و مانا-بەخشین (Meaning-making) دەمەوێت تیشک بخەمە سەر چەمکێکی نوێ بە ناوی (دڵەڕاوکێی ژینگەیی
- Eco-anxiety) دانیشتووانی هەڵەبجە تەنها
لە مەرگی ئازیزانیان ناترسن، بەڵکو جۆرێک لە (نامۆبوون لەگەڵ سروشت)یان بۆ دروست
بوو، کاتێک سروشت کە پێشتر سەرچاوەی ژیان و جوانی بووە، دەبێتە هەڵگری ژەهر و مەرگ،
مرۆڤ تووشی شۆکێکی قووڵی وجوودی دەبێت، ئەم تراومایە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر
دەگوێزرێتەوە. نەوەی نوێی هەڵەبجە هەرچەندە تاوانەکەی نەبینیوە، بەڵام لە ژینگەیەکدا
گەورە دەبێت کە هێشتا وەک (ناوچەیەکی بریندار) سەیر دەکرێت. لێرەدا (مانا-بەخشین)
بە ژیان قورستر دەبێت، چونکە ئەو ژینگەیەی کە دەبێت پەناگەی مرۆڤ بێت، کراوە بە سەرچاوەی
هەڕەشە، وەک ڤیکتۆر فرانکل دەڵێت: مرۆڤ پێویستی بە مانا هەیە بۆ بەردەوامی، بەڵام
چۆن مانا لە خاکێکدا دەدۆزرێتەوە کە بکوژی ئازیزانت بووە؟ ئەمە گەورەترین تەحەدای
دەروونییە کە ڕووبەڕووی تاکی هەڵەبجەیی دەبێتەوە.
بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی و تاوانی کۆمپانیاکان:
باسکردن لە ئیکۆساید لە هەڵەبجەدا بەبێ ئاماژەدان بەو لایەنە نێودەوڵەتییانەی
کە چەکەکەیان دابین کرد ناتەواوە، دەیان کۆمپانیای ئەورووپی ماددە سەرەتاییەکانیان
بە ڕژێمی بەعس فرۆشت بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی کە ئەم ماددانە چۆن ژینگەی ناوچەیەکی گەورە
وێران دەکەن، کەیسی بازرگانی هۆڵەندی (فرانس ڤان ئەنرات) کە سزادرا، تەنها سەرەتایەکە،
ئەم کۆمپانیا و دەوڵەتانە تەنها لە جینۆسایددا هاوبەش نین، بەڵکو بەرپرسیاری یەکەمی
(ئیکۆساید)ن، لە یاسای نێودەوڵەتیدا پێویستە ئەمە وەک تاوانێکی ژینگەیی جیهانی
بناسرێت، مێژووی (ماددەی پرتەقاڵی) لە ڤێتنام و ئەوانی تر پێمان دەڵێن کە وێرانکردنی
ژینگە کێشەیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو تاوانە دژی هەموو مرۆڤایەتی.
هەڵەبجە وەک تاقیگەی (شەیتانیبوونی مرۆڤ):
جینۆساید و ئیکۆساید لە هەڵەبجەدا (ڕێکەوت) نەبوون، بەڵکو پرۆسەیەکی تەکنیکی
و بیرۆکراسیی ورد بوون، بەکارهێنانی زانست و کیمیا بۆ وێرانکردنی ژینگە، نیشانەی ئەوپەڕی
داڕمانی ئەخلاقیی مۆدێرنیتەیە، کاتێک مرۆڤ دەبێتە تەنها ژمارەیەک لە ئاماری مەرگدا
و سروشت دەبێتە ئامانجی سەربازی، ئێمە لەبەردەم مەترسییەکی گەورەداین کە تەنها بە
هەڵەبجە کۆتایی نایەت.
بەرەو دادپەروەریی ژینگەیی (چارەسەر و پێشنیارەکان):
بۆ ئەوەی برینەکانی هەڵەبجە سارێژ ببن، پێویستە کار لەسەر (دادپەروەریی
گواستراوە) بکرێت بە ڕەهەندێکی ژینگەیی و تەندروستییەوە.
١ـ پاککردنەوەی ژینگە: پێویستە حکوومەت داوای هاوکاریی نێودەوڵەتی
بکات بۆ پاککردنەوەی خاک و ئاو.
٢ـ ناساندنی ئیکۆساید وەک تاوان: کاتی ئەوە هاتووە پەرلەمان یاسای
تایبەت دەربکات کە تێیدا ئیکۆساید وەک تاوانێکی سەربەخۆ بناسرێت.
٣ـ سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی: دامەزراندنی سەنتەرێکی نێودەوڵەتی
بۆ لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییە درێژخایەنەکان.
٤ـ قەرەبووی مەعنەوی و مادی: دەبێت پڕۆژەی گەورەی سەوزکردن و
کشتوکاڵی مۆدێرن بخرێتە گەڕ تاوەکو (ڕەنگی مەرگ) بسڕێتەوە.
هەڵەبجە تەنها مێژوویەکی ڕابردوو نییە، بەڵکو تراومایەکی زیندووی (بایۆ-سۆسیۆلۆژییە)
کە لەناو خانەکانی نەوەکان و قووڵایی خاکەکەدا دەژی. تێپەڕبوون لەم قۆناغە تەنها بە
ناساندنی (ئیکۆساید) وەک تاوانێکی نێودەوڵەتی و چاکسازیی لە بنەماکانی دادپەروەریی
ژینگەییدا دەستەبەر دەبێت، تاوەکو خاک لە (گۆڕستانێکی ژەهراوییەوە) دووبارە ببێتەوە
بە (لانکەی ژیانێکی شکۆمەندانە).