سەردێڕ:

محەمەد حاجی مەحمود داوایەک ئاڕاستەی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان دەكات

PM:09:48:12/03/2026

1700 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، لە بانگەوازێكدا داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسیەکان دەکات هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی فراوان لە نزیكترین دەرفەتدا وەك زەروریەتێكی حەتمی قۆناغەكە بۆ پاراستنی سەروەریی و دەستكەوتەكانی كوردستان.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ـی ئازاری ٢٠٢٦، محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و هەستیاری بارودۆخەكە، كە شەڕێكی نەخوازراو لەلایەن ئەمریكا و ئیسرائیلەوە لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران بەسەر ناوچەكەدا سەپێنراوە و پێی ناوەتە دەیەی دووهەمی و تەواوی ناوچەكەی گرتووەتەوە بە هەرێمی كوردستانیشەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بۆ ئەوەی چیتر كوردستان نەبێتە مەیدانی شەڕێك كە شەڕی كورد نییە و ئاشكراشە كە توانای یاریكرنی لەنێوان ئەو وڵاتە زلهێزانەدا نییە، لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێم و میللەتەكەمان، داوا لەسەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان دەكەم كە بەرژەوەندییە حزبییەكان وەلاوە بنێن و هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی فراوانی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لە نزیكترین دەرفەتدا وەك زەروریەتێكی حەتمی قۆناغەكە بۆ پاراستنی سەروەریی و دەستكەوتەكانی كوردستان.

هاوکات داواشدەکات، هەوڵبدرێت بۆ راگرتنی ئەو هێرشە ناڕەوایانەی كە لەسەر هەرێمی كوردستان دەكرێن لەلایەن ئەو لایەنانەی كە هەوڵ دەدەن خۆیان بخەنە ناو ململانێكە و خۆیان و وڵاتەكەیان دەخەنە ژێر مەترسی گەورە.














گەلەری