پارتی و یەکێتی بۆ وادەکەن
PM:07:33:13/03/2026
232 جار خوێندراوەتەوە
سەرباز فەریق ئەحمەد
+
-
لە سەرەتای دروستبوونیانەوە (پارتی دیموکراتی
کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) ویستوویانە خۆیان بە پێشەنگی پارتی سیاسی
دابنێن لە باشووری کوردستاندا، هەر ئامانج و بەرژەوەندییەکی نەتەوەیی لە چوارچێوەی
بیروبۆچوونی ئەواندا نەبووبێت و بەشدار نەبووبێتن تێیدا هەوڵیان داوە کێشەی بۆ
دروست بکەن و هەرگیز جگە لە خۆیان و سەرۆکەکانیان بە کەس و لایەنی دیکە ڕازی نەبوون.
وەک لای هەمووان ئاشکرایە نزیکەی ساڵ
و نیوێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام دەرگای پەرلەمان وەکو
ساڵی (٢٠١٥) داخراوە و پیشەی هەمیشەییانە وەک وتم هەرکاتێک ئامانجێک و بڕیارێک لە
بەرژەوەندی ئەواندا نەبێت سەرکردایەتییەکانیان جێگەی پەرلەمان و حکوومەت دەگرێتەوە،
سەرجەم بڕیار و ئامانجە نەتەوەییەکان کە پێویستیان بە کۆدەنگی سیاسی هەموو لایەنەکان
هەیە دەچێتەوە بۆ سەرکردایەتی ئەو دوو حیزبە.
لە ئێستادا کە ناتوانرێت حکوومەت پێکبهێنرێت
بەهۆی ناکۆکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمەوە کە ڕۆژ بە ڕۆژ کێشە و کۆسپ بۆ یەک دروست
دەکەن، بەهۆی ڕێکنەکەوتنیان لەسەر پلە و پۆستەکانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم،
سەرەڕای مەترسی دەرەکی و قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و بێمووچەیی لە کوردستاندا،
بەڵام ئەمان ئامادەن لەگەڵ نەتەوە و لایەنی دیکەی غەیرە کورد کۆببنەوە بەڵام ئامادە
نین کێشە و گرفتەکانی خۆیان بخەنە لاوە لە پێناو خاک و نیشتمان و بژێوی هاووڵاتیاندا.
ئەوان زۆر بەپەرۆشن بۆ وەرگرتنی پۆستی
سیاسی و سەربازی لە حکوومەتی عێراقدا بۆ بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و ئابووری حیزبەکانیان،
ئامادە نین پەرلەمانی کوردستان کار بکەنەوە و حکوومەتێکی نیشتمانی پێکبێنن خزمەت بە
هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات.
پارتی و یەکێتی دەتوانن سوود لە ئەزموونی
لایەنەکانی شیعەی عێراق وەربگرن کە کاتێک کێشەیان دەبێت لە دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانێکی
شیعی لە هێزە سیاسییەکانیاندا و ناتوانن کاندیدی هێزێکیان بپاڵێون بۆ پۆستی سەرۆک
وەزیران، ئەو کات پەنا بۆ کاندیدێکی سەربەخۆی شیعی دەبەن بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی شیعە
بکات و هێزەکانیش پێگە و هێزی خۆیان بپارێزن لە ڕێگەی ئەو نوێنەرەوە، سەرۆک وەزیرانیش
لای عەرەبی شیعە بمێنێتەوە. (عادل عەبدولمەهدی و مستەفا کازمی) وەک نموونە.
کوردیش پۆستی سەرۆک کۆمار کە پشکی
کوردە و لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە لە دوو خولی ڕابردوو و ئێستای پەرلەمانی عێراقدا
ململانێ بۆ بەدەستهێنانی دەکەن، دەتوانن کەسایەتییەکی سیاسی و بە ئەزموونی نیشتمانپەروەری
بێلایەن بپاڵێون بۆ ئەو پۆستە کە جێگەی متمانەی پارتە سیاسییەکان و هاووڵاتیانی هەرێمی
کوردستان بێت.
بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی
کوردستانیش بە هەمان شێوە دەکرێت کەسایەتییەکی بێلایەنی بە ئەزموونی نیشتمانی بکرێت
بە وەزیری ناوخۆ و جێگری سەرۆکی حکوومەت، دەسەڵاتی بڕیاردان و جێبەجێکردنی پێ بدرێت
لە چوارچێوەی یاسادا.
ئەم دیاریکردنەی کەسانی بێلایەن بۆ ئەو
پۆستانەی کە کێشەیان لەسەرە ڕێگەچارەیەکی گونجاوە بۆ ئەوەی بتوانرێت خزمەتێک بە
هاووڵاتیان بکرێت، حیزب لەبری بەرژەوەندی حیزبی بیر لە بەرژەوەندی گشتی و نیشتمانی
بکاتەوە و حکوومەت لە حیزبیبوونەوە بگوازرێتەوە بۆ هاووڵاتیبوون.