سەردێڕ:

بەژمارە؛ نوێترین ئاماری زیانەکانی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا

PM:02:46:12/03/2022

8512 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگری ئۆکراینا رایگەیاند، لە ماوەی ١٥ رۆژی رابردوودا سوپای روسیا ٣٥٣ تانک و ٥٧ فڕۆکە و ٨٣ هێلێکۆپتەری لەدەستداوە. هاوکات، وەزارەتی بەرگری روسیاش دەڵێت، تا ئێستا سێ هەزار و ٤٩١ پێگەی ژێرخانی سەربازی ئۆکرانیایان تێکشکاندووە.


ئەمرۆ شەممە، وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لەماوەی نێوان ٢٤ی شوباتی رابردوو تاوەکو ١١ی ئادار سوپای روسیا ٣٥٣ تانک و ٥٧ فڕۆکە و ٨٣ هێلێکۆپتەری لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشدواە، هەر لە هەمان ماوەدا، زیاتر لە ١٢ هەزار سەربازی رووسی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆسەر ئۆکرانیا کوژراون.

راگەیەنراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، سوپای ئۆکراینا هەزار و ١٦٥ زرێپۆش، ١٢٥ تۆپهاوێژ، ٥٨ راجیمە، ٣١ سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سەربە سوپای روسیای تێکشکاندووە.

وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا باسی لەوەشکردووە، سوپای روسیا لە ماوەی ئەو ١٦ رۆژەدا هەروەها ٥٥٨ ئۆتۆمبێلی سەربازیی، سێ بەلەم، ٦٠ تانکەری گواستنەوەی سووتەمەنی، حەوت فڕۆکەی بێفڕکەوانی لە ئۆکرانیا لەدەستداوە.

هاوکات، لەلایەن خۆیەوە، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ وتەبێژی فەرمی وزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، تا ئێستا سوپای وڵاتەکەیسێ هەزار و ٤٩١ پێگەی ژێرخانی ئۆکرانی تێکشکاندووە و بەتەواوەتی پەکیان کەوتووە.

وتیشی، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا پێنج فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کە دووانیان لە جۆری بیرکداربوون تێکشکێنراون.

ئاماژەی بەوەشدا، ١٤٥ پێگەی سەربازی و گەنجینەی چەکی سوپای ئۆکرانیایان بۆردومان کردووە و وێرانکراون.

هەروەها، رێکخراوی پزیشکانی بێ سنور ئاشکرای کرد، لەماوەی ١٢ رۆژی هێرشەکانی روسیا بۆ سەر شاری ماریۆپۆڵ هەزار و ٥٨٢ کەس کوژراون و بە سەدان هەزار هاوڵاتی دیکەش هۆکاری گەرم کەرەوەیان لەو شارە دەستناکەوێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، دوو ملیۆن و ٤٩٨ هەزار و ٨٢٧ ئۆکرانی وڵاتەکەیان جێهێشتووە و روویان لە وڵاتانی دەوروبەری ئەو وڵاتە کردووە.













گەلەری