سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، کار لەسەر ئەوە دەکەن سزای زیاتر بەسەر روسیادا بسەپێنین و دەشڵێت، " ئێمە شەڕی راستەوخۆی روسیا ناکەین لەناو ئۆکرانیادا چونکە دەبێتە جەنگی جیهانی."
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای بەردەوامی هاوکارییە مرۆی و لۆجستی و مادییەکانی خۆیان داوایان لە تەواوی وڵاتانی هاوپەیمانیان کردووە هاوکارییەکان بگەیننە ئۆکرانیا.
سەرۆکی ئەمریکا، لەبارەی سزاکانەوە رایگەیاند سزای دیکە و توندتر بەسەر روسیادا دەسەپێنن و ئەمریکا بازرگانییە هەمیشەییەکانی لەگەڵ روسیادا هەڵدەوەشێنێتەوە وبەوەش ئابوری روسیا دەکەوێتە ژێر هەڕەشەوە.
وتیشی، " ئێمە رێگا نادەین روسیا
چارەنوسی جیهان لەڕێگەی جەنگەوە بگۆڕێت."
باسی لەوەشکردووە، لەناو هاوکارییەکاندا پارە
و خۆراک و یارمەتی پێویستن بۆ گەلی ئۆکرانیا و بۆ دەسەڵاتی وڵاتەکە بۆ ئەوەی
پارێزگاری لە خۆیان بکەن.
لەبارەی پەنابەرە ئۆکرانیەکانەوە ئاماژەی
بەوەشکردووە، پێویستە هەمووان پێشوازی لە هاوڵاتیانی پەنابەری ئۆکرانیا بکەن بە
هەموو توانایانەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ هەینی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە بەهۆی ئۆپەڕاسیۆنەکانی روسیا بۆ سەر وڵاتی ئۆکرانیاوە زیاتر لە دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار هاوڵاتی ئۆکرانی ئاوارەبوون تائێستا.