سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی روسیا باس لە جەنگی ئەتۆمی دەکات

AM:09:05:11/03/2022

5996 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، پێی وانیە ململانێکان لە ئۆکرانیا پەرەبسەنن بۆ جەنگی ئەتۆمی. هاوکات، ئەمەریکا و ئەوروپای ئاگادارکردەوە لەوەی روسیا هەرگیز جارێکی دیکە نایەوێت پشت بە رۆژئاوا ببەستێت.


دوای کۆبوونەوەی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هەریەک لە هاوتا تورکی و ئۆکرانییەکەی لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا جەنگی ئەتۆمی روودەدات وتی، " نامەوێت بڕوا بەوە بکەم، بڕواشم پێی نیە."

وتیشی، "بێگومان کاتێک رۆژئاوا وەکو فرۆید بەردەوام دەگەڕێتەوە سەر باسکردنی ئەو بابەتە، جەنگی ئەتۆمی، هۆکارێکمان دەدەنێ بۆ نیگەران بوون."

لەبارەی سەپاندنی سزاکانی رۆژئاوا بەسەر روسیادا و ئەو قەیرانە ئابوری و داراییەی لە ئێستا پێیدا تێدەپەڕێت، سێرگی لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەشدا، روسیا پشت دەکاتە رۆژئاوا و خۆی لەگەڵ سزا ئابوورییەکاندا دەگونجێنێت.

وتیشی، "بە دەروون و ویژدانێکی نوێوە لەم قەیرانە دەردەچین، چیتر هیچ خەیاڵێک ناکەینەوە لەسەر ئەوەی پێمان وابێت رۆژئاوا هاوبەشێکە پشتی پێدەبەسترێت. هەرچی لەتواناماندا بێت دەیکەین بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لەوەی چیتر جارێکی دیکە پشت بە رۆژئاوا نابەستین لەو بوارانەی ژیانماندا کە بەلای گەلەکەمانەوە زۆر گرنگن."

ئەمە یەکەمین جارە لەدوای ساڵی 1991 ەوە کاتێک یەکێتی سۆڤیەت رووخا، روسیا رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی ئابووری ببێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژئاوا سزایەکی کەمەرشکێنی سەپاندووە بەسەر ئابووری و سیستمی دارایی روسیادا.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە٢٧ی مانگی شوباتدا ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا هێزە ناوەکییەکانی وڵاتەکەی خستە ئامادەباشییەوە، دواتر بەرپرسانی روسیا رەخنەیان لە لێدوانەکانی بەریتانیا گرت سەبارەت بە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی روسیا و هاوپەیمانێتی ناتۆ.

پوتن دەڵێت " ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتییەکەی روسیا لە ئۆکرانیا " پێویستە بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی روسیا، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمەریکا هاوپەیمانێتی ناتۆی فراوانکرد بۆ نزیک سنوورەکانی روسیا و پشتیوانی لە رابەرانی ئۆکرانیا کرد.













گەلەری