سەرۆکی دیوانی حکومەتی ماوەبەسەرچوو رایگەیاند، حکومەتی هەرێم رێگە نادات هیچ کەسێک سوکایەتی بە ئاڵای عێراق بکات، چونکە سیمبولی سەروەرییە. ئاشکراشی کرد، رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە گیراوەتە بەر کە ئەو کارەیان کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١ـی نیسانی ٢٠٢٦، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی حکومەتی ماوەبەسەرچوو لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، وەک حکومەتی هەرێم سوکایەتی بە ئاڵای عێراق لە هیچ کەسێک قبووڵ ناکەن.
وتیشی، "ئەم
ئاڵایە سیمبولی سەروەریی هەموومانە وەک عێراقی، ئەو ڕەفتارانە سەرکۆنەکراون و بە هیچ
شێوەیەک گوزارشت لە هەستی خوشک و برایانی کورد ناکەن بەرامبەر عێراقییەکان".
سەبارەت بە رێکارە
ئەمنییەکان، ئومێد سەباح ئاشکرای کرد، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چوار کەس دەرچووە کە
تێوەگلاون لە سووکایەتیکردن بە ئاڵاکە، لە ئێستادا یەک لە تۆمەتبارەکان دەستگیرکراوە
و شوێنی ئەوانی دیکەش دەستنیشان کراوە، کە بڕیارە بەم زووانە هەموویان دەستبەسەر
بکرێن.
لە پەیامەکەدا
جەخت کراوەتەوە کە تەواوی تۆمەتبارەکان رەوانەی دادگا دەکرێن تاوەکو بەپێی یاسای
سزادانی عێراقی، سزای شایستەی خۆیان وەربگرن. ئەم هەنگاوە وەک ئاماژەیەک بۆ پابەندبوونی
هەرێمی کوردستان بە سەروەریی یاسا و رێزگرتن لە هێما نیشتیمانییەکان دەبینرێت.