سەردێڕ:

موجتەبا خامنەیی پەیامێك ئاڕاستەی مامۆستایانی ئایینی كورد دەكات

PM:09:02:31/03/2026

840 جار خوێندراوەتەوە

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە یەکەم هەنگاوی فەرمیدا بەرامبەر زانایانی ئایینیی کورد، نامەیەکی ئاراستەی مامۆستایانی ئایینیی پارێزگای سنە کرد. ئەم پەیامە وەک وەڵامێک بوو بۆ دەربڕینی هاوخەمی و پشتیوانیی ئەو مامۆستایانە کە بەبۆنەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئەو وڵاتە، ئاراستەیان کردبوو.


ئەمڕۆ سێشەممە ٣١ـی ئازاری ٢٠٢٦، موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەیامەکەیدا، پێزانینی قووڵی خۆی بۆ هەڵوێستی مامۆستایانی ئایینیی ناوچەکە دەربڕیوە.

لە پەیامەکەدا ئەوەش هاتووە کە موجتەبا خامنەیی دەستخۆشی لەو "نیشاندانی میهرەبانییە" کردووە کە بەرامبەر بە کەسایەتی ئەو و بنەماڵەکەی نیشان دراوە لەم کاتە هەستیارەدا.

لە بەشێکی تری پەیامەکەدا، موجتەبا خامنەیی بە زمانێکی ئایینی رووی دەمی کردووەتە زانایانی ئەهلی سوننە و نووسیویەتی، "نزا دەکەم کە خودای گەورە زانایانی سوننە بۆ خزمەتکردن بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام سەرکەوتوو بکات و پشتیوانتان بێت." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵدان بۆ پاراستنی هاوسەنگیی مەزهەبی لە قۆناغی نوێی دەسەڵاتەکەیدا دەبینرێت.

ئەم پەیامەی ڕێبەری نوێی ئێران لە کاتێکدایە، کە وڵاتەکە لە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی گەورە لە لوتکەی هەڕەمی دەسەڵاتدا بووەتەوە. چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم جۆرە پەیامانە هەوڵێکن بۆ جێگیرکردنی پێگەی ڕێبەرە نوێیەکە لە ناوچە جیاوازەکانی وەک پارێزگای سنە.













گەلەری