سەردێڕ:

بەشێکی زۆر لە موwچەی مامۆستایان لە سەرتاسەری هەرێم بڕدرا

PM:10:36:31/03/2026

740 جار خوێندراوەتەوە

بەشێکی زۆری قوتابخانە ئەهلییەکان پێچەوانەی بەندەکانی گرێبەستەکانیان، دەستیان کردووە بە بڕینی مووچەی مامۆستاکانیان. ئەم بڕیارە ناڕەزایەتییەکی زۆری لە ناوەندە پەروەردەییەکاندا لێکەوتووەتەوە و وەک پێشێلکارییەکی روونی مافی مامۆستایان دەبینرێت.


ئێن ئاڕ تی زانیویەتی، ئەو قوتابخانە ئەهلییانە بە پاساوی دەوامنەکردن و گۆڕینی خوێندن بۆ سیستەمی ئۆنلاین، بڕی ٣٠٪ بۆ ٥٠٪ـی مووچەی مامۆستاکانیان بڕیوە و هەروەها بە مامۆستاکانیان راگەیاندووە کە لەم مانگەوە مووچەکانیان بەو لێبڕینەوە پێدەدرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەرکی مامۆستاکان لە خوێندنی ئۆنلایندا بەردەوامە.

ئەم هەنگاوەی قوتابخانە ئەهلییەکان لە کاتێکدایە، کە بەپێی ئەو گرێبەستە یاساییانەی لە نێوان قوتابخانە ئەهلییەکان و وەزارەتی پەروەردەدا هەیە، دەبێت مانگانە مووچەی تەواوی مامۆستایان بەبێ لێبڕین بدرێت. ئەم بڕیارە سەرپێچییەکی ئاشکرای رێنماییە کارگێڕییەکانە و بارگرانییەکی دارایی زۆری بۆ مامۆستایانی کەرتی تایبەت دروست کردووە.

پێشتریش وەزارەتی پەروەردە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئێن ئاڕ تی رایگەیاندبوو، کە بە هیچ شێوەیەک نابێت قوتابخانە ئەهلییەکان دەستکاری مووچەی مامۆستایان بکەن یان بە پاساوی جیاواز بیبڕن. چاوەڕوان دەکرێت ئەم سەرپێچییانە لێپێچینەوەی یاسایی وەزارەتی پەروەردەی بەدوای خۆیدا بهێنێت بۆ پاراستنی مافی مامۆستایان.













گەلەری