وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، هەر بەخێوکارێکی قوتابی ئەگەر نەیەوێت منداڵەکەی لە پۆلی فیزیکیی قوتابخانەدا ئامادە بێت، (نەهاتن - غیابات)ی لەسەر تۆمار ناکرێت و دەتوانێت لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکانی خوێندنی سیستمی وەزارەتی پەروەردەدا، سوود لە پلاتفۆرمەکانی خوێندنی ئەلیکترۆنی وەربگرێت.
ئەمڕۆ هەینی ٢٧ـی ئازاری ٢٠٢٦، وەزارەتی پەروەردە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی یەکشەممە دەوامی ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی خوێندنگاکان دەستپێدەکاتەوە بە رەچاوکردنی چەند خاڵێک.
ئەو خاڵانەی
وەزارەتی پەروەردە رەچاوی دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندنگاکان:
١- هەر
بەخێوکارێکی قوتابی ئەگەر نەیەوێت منداڵەکەی لە پۆلی فیزیکیی قوتابخانەدا ئامادە
بێت، (نەهاتن - غیابات)ی لەسەر تۆمار ناکرێت و دەتوانێت لە قوتابخانە حکومی و
ناحکومییەکانی خوێندنی سیستمی وەزارەتی پەروەردەدا، سوود لە پلاتفۆرمەکانی خوێندنی
ئەلیکترۆنی وەربگرێت، تەنیا لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا بەگوێرەی خشتەی
تاقیکردنەوەکانی قوتابخانە و وەزارەت ، لە قوتابخانە ئامادە بێت، بۆ ئەمەش پێویستە
بەخێوکاری قوتابی فۆرمی تایبەت لە قوتابخانە پڕ بکاتەوە. هەروەها مامۆستایان لەڕێگەی
گروپی قوتابخانە یان ئەپڵیکەیشنی (ئی-هەڵسەنگاندن) ئەرکی ماڵەوە بنێرن بۆ ئەو
قوتابیانەی کە خوێندنی ئەلیکترۆنییان هەڵبژاردووە.
٢- قوتابیانی
قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان ئەگەر بەخێوکارەکانیان ئامادە نەبوون منداڵەکانیان
بنێرنەوە قوتابخانە، پێویستە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکە بە رێگەی ئۆنلاین،
ئەلیکترۆنی یان هەر رێگەیەکی دیکە خوێندنیان بۆ فەراهەم بکات و تەنیا لە کاتی
تاقیکردنەوەکاندا پێویستە لە قوتابخانە ئامادە بن.
٣- قوتابخانە
بیانییەکان دەتوانن بڕیار بدەن تەواوی خوێندنەکەیان بکەنە ئۆنلاین یان ئەلیکترۆنی،
بەگوێرەی بڕیاری دەستەی کارگێڕیی قوتابخانەکەیان.
٤- بە مەبەستی
دڵنیایی بە قوتابیانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی و ٩ـی بنەڕەتی کە تاقیکردنەوەی نیشتمانی و
وەزارییان هەیە، ئاگاداریان دەکەنەوە کە وەزارەت سەبارەت بە تاقیکردنەوەکانیان
ساڵنامەی خوێندنیان بۆ هەموار دەکاتەوە.
ئاماژەی
بەوەکرد، لە پۆلی ١ی بنەڕەتی تا ١٢ی ئامادەیی (قوتابخانەی حکومی و ناحکومی)
دەتوانن سوود لە خوێندنی ئەلیکترۆنی وەربگرن لە ڕێگەی پلاتفۆرمی (ئی-وانە) کە لە
ئێستادا کارایە.
هاوکات، لە
پۆلی ١ تا ٦ی بنەڕەتی پلاتفۆرمی کارلێکارانەی دیجیتاڵیی (قوتابخانەکەم) ئێستا
کارایە بۆ قوتابیانی قوتابخانە حکومییەکان.