سەردێڕ:

سودانی و پزیشکییان لەبارەی چییەوە قسەیان کرد؟

PM:06:26:11/03/2026

856 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران، جەختی لە پشتیوانیی بەغدا بۆ سەقامگیری و رەتکردنەوەی جەنگ لە ناوچەکەدا کردەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ـی ئازاری ٢٠٢٦، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسحود پزیشکیان هێرشەکانی سەر ئێرانی سەرکۆنە کرد و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ نێوەندگیری دەربڕی تاوەکو هەموان بگەڕێنەوە بۆ زمانی گفتوگۆ و دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە بۆ کێشەکان.

بەپێی راگەیەندراوەکە، سودانی بەناوی حکومەت و گەلی عێراقەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ کوژرانی (شەهیدبوونی) عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و ئەندامانی خێزانەکەی و گەلی ئێران دەربڕی، هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکانیش خواست.

سودانی جەختی کردەوە رێگە نادەن خاکی وڵات بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت، هەروەها بۆردوومانکردنی عێراقی وەک پێشێلکردنی سەروەری ناوبرد و رایگەیاند ئەم کردەوانە هەوڵەکانیان بۆ گەڕانەوەی ئارامی و پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەکدەخەن.

لە بەرامبەردا، مەسعود پزیشکیان سوپاسی هەڵوێستەکانی عێراقی کردووە بۆ رەتکردنەوەی بەکارهێنانی هێز لە چارەسەرکردنی ململانێکان و هەوڵەکانی بەغدا بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە، هاوکات پەرۆشی ئێرانی بۆ پاراستنی سەروەری خاکی عێراق دووپاتکردەوە.













گەلەری