وەزارەتی تەندروستی ئێران ئاشکرایکرد، بەهۆی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تا ئێستا زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ کەس کوژراون و ١٠ هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون، کە لە نێوانیان سەدان ژن و منداڵ هەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ـی ئازاری ٢٠٢٦، وەزارەتی تەندروستی ئێران ئاماری نوێی قوربانیانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی ئاشکراکرد و رایگەیاند، لە ناو کوژراوەکاندا ٢٠٠ منداڵ و ٢٠٠ ژن هەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکان
زیانی گەورەیان بە ژێرخانی تەندروستی وڵاتەکە گەیاندووە، بە شێوەیەک کە ٢٥ نەخۆشخانە
زیانیان بەرکەوتووە و لەو ژمارەیەش نۆ دانەیان بە تەواوی لەکارکەوتوون و جیتر ناتوانن خزمەتگوزاری
پێشکەش بکەن.
هەر بەگوێرەی
ئامارە فەرمییەکان، لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا ١٨ بنکەی فریاگوزاریی سەرەتایی و ١٤
ئەمبوڵانس بە تەواوی تێکشکاون، ئەمەش کاری تیمە پزیشکییەکانی بۆ رزگارکردنی بریندارەکان
قورستر کردووە.
ئەم پەرەسەندنانە
دوای ئەوە دێن، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر تاران و چەندین
شاری دیکەی وەک قوم، ئەسفەهان و کرماشان، لە بەرامبەریشدا ئێران رایگەیاند، وەک وەڵامدانەوەیەک
چەندین پێگەی لە ناوخۆی ئیسرائیل کردووەتە ئامانج و هێرشی کردووەتە سەر ئەو شوێنانەی
کە وەک "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا" لە وڵاتانی ناوچەکە وەسفی کردوون.