سەردێڕ:

بانكی ناوه‌ندی سیستمێكی نوێ بۆ كۆنترۆڵی دراوی بیانی راده‌گه‌یه‌نێت

PM:10:47:30/11/2025

1884 جار خوێندراوەتەوە

بانكی ناوه‌ندی عێراق سیستمێكی نوێ بۆ كۆنترۆڵی دراوی بیانی راده‌گه‌یه‌نێت و بڕیاره‌كه‌ش له‌ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتووەوە بە شێوەیەکی گشتگیر و ناچاری ده‌چێته‌بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ـی تشرینی دووەمـێ ٢٠٢٥، بانکی ناوەندی عێراق نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری سندووقی دراو کرد، کە تێیدا وردەکاریی جێبەجێکردنی بڕیاری پێدانی قۆناغ بە قۆناغی (البيان الكمركي المسبق) بۆ گواستنەوەی دراوی بیانی روون کراوەتەوە.

بەپێی نووسراوەكە ئامانجی سەرەکی ئەم بڕیارە بریتییە لە دابینکردنی هاوسەنگی و جێگیریی رێژەی ئاڵوگۆڕی دراو، بەبێ ئەوەی کاریگەری نەرێنی لەسەر جووڵەی بازرگانی و هاوردەکردن هەبێت.

گرنگترین خاڵەکانی بڕیارەکە بریتین لە گواستنەوەی دراوی پێشینە بۆ دڵنیابوون لەوەی مامەڵەکان بە شێوەیەکی رێکخراو بەڕێوە دەچن.

بڕیارەکە کاریگەری لەسەر هاوردەکردنی هەندێك ماددەی وەک زێڕ، زێو، خشڵ و ماددە نەوتییەکان نابێت، بۆ پاراستنی جێگیریی بازاڕی ئەو کەرتانە.

هەروەها ئاماژە بەوە كراوە، جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بە شێوەیەکی ناچاری و گشتگیر بۆ هەموو کاڵا هاوردەکراوەکانی تر لە رێکەوتی ١ـی ١ـی ساڵی داهاتوو دەستپێدەکات.

بانکی ناوەندی جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە، لایەنی بەرپرسیار لە دەروازە سنوورییەکان پێویستە پابەند بێت بە مەرجی پێدانی دراوی قۆناغ بە قۆناغ، کە پەیوەستە بە راگەیاندنی گومرگی پێشینە و پشتڕاستکردنەوەی فاکتۆرەکان یان گرێبەستە داراییەکان.













گەلەری