شارە گەورەکانی جیهان لەژێر هەڕەشەی نقومبووندان

PM:05:25:06/03/2026

152 جار خوێندراوەتەوە

خەیاڵ بکە، سێ ساڵ جارێک پارچە سەهۆڵێک بە قەبارەی شاری لۆس ئەنجلس بتوێتەوە و بڕژێتە ناو زەریاوە، ئەمە تەنها دیمەنێکی فیلمە خەیاڵییەکان نییە، بەڵکو ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە ئێستا لە جەمسەری باشووری زەوی ڕوودەدات.

توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی کالیفۆرنیا دەریخستووە کە ٢٣٪ی کیشوەرەکە بە خێراییەکی مەترسیدار دەتوێتەوو هەرچەندە ٧٧٪ی هێشتا جێگیرە.

زانایان بە دیاریکردنی هێڵی نیشتنەوە بۆ یەکەمجار تێبینیان کردووە کە تەوژمە گەرمەکانی زەریا مەترسی گەورەیان لە ڕۆژئاوای ئانتارکتیکا دروست کردووە.

لە ساڵی ١٩٩٦ەوە تا ئێستا، نزیکەی ٥٠٠٠ میل چوارگۆشە لە سەهۆڵی جێگیر لەدەستچووە، کە ئەم بڕە بەسە بۆ ئەوەی ١٠ جار شاری لۆس ئەنجلس نقوم بکات. مەترسییە گەورەکە لە ناوچەکانی وەک"Thwaites” و "پاین ئایلاند"ە بەهۆی ئاوی گەرمەوە دەیان میل پاشەکشێیان کردووە؛ واتا ئەو شوێنانەی کە پێشتر سەهۆڵی لەسەر جێگیر بوو ئێستا بەشێکە لە زەریاکان.

ئەگەر تەواوی سەهۆڵبەندانەکانی ڕۆژئاوای ئانتارکتیکا بڕوخێن و بتوێنەوە، ئاستی ئاوی دەریاکانی جیهان تا ٩ پێ بەرز دەبێتەوە، لەوانەیە هەندێک خەڵک بەرزبونەوەی ئاستی ئاو لەم ڕێگەیەوە بە باش بزانن بەڵام پاش نەمانی ئەم سەهۆڵانەی ئەنتارتیکا زەوی گەرمتر دەبێت.

زانایان هۆشداری دەدەن کە ئەم توانەوە ناوچەییانە خاڵێکی وەرچەرخانی ترسناک دەبن بۆ داهاتووی هەموو مرۆڤایەتی.ئەم کیشوەرە کە دەکەوێتە دوورترین خاڵی باشووری زەوی، وەک ساردکەرەوەی جیهان کار دەکات.

گرنگی ئانتارکتیکا لەوەدایە کە ٧٠٪ی ئاوی شیرینی جیهانی تێدایە و پاراستنی ڕێگری دەکات لە ژێرئاوکەوتنی شارە کەناراوییەکان.