دوای کۆچی دواییشی کاسرین ئۆهارا بە باشترین ئەکتەری ساڵ هەڵبژێردرا

PM:02:58:02/03/2026

536 جار خوێندراوەتەوە

لە مەراسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی " SAG Awards" بۆ ساڵی ٢٠٢٦، یادی ئەکتەری کۆچکردوو کاسرین ئۆهارا بەرز ڕاگیرا و خەڵاتی باشترین ئەکتەری کۆمیدی پێبەخشرا بەهۆی ڕۆڵی پاتی لی لە فیلمی "The Studio"، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کەشێکی پڕ لە سۆز و خەمناک لە هۆڵەکەدا دروست بێت.

ئەکتەری دیاری جیهانی سێت ڕۆگن بە نوێنەرایەتی کاسرین چووە سەر تەختەی شانۆ بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە، ڕۆگن بە وتارێکی کاریگەر هەموو ئامادەبووانی گریاند و وتی " ئەمە شانازییەکی زۆر خەمناکە کە لێرە وەستاوم، داوایان لێکردووم ئەم خەڵاتە با ناوی کاسیرینەوە وەربگرم، دڵنیام کاسرین زۆر شانازی بەم خەڵاتە دەکرد، ئارەزووی دەکرد هاوڕێ هونەرمەندەکانی وەریبگرن، ئەو هەوادارێکی گەورەی هەمووتان بوو".

باسیشی لەوە کرد کە کاسرین تەنها ڕۆڵی نەدەگێڕا، بەڵکو شەوانە دەقەکان و دیمەنەکانی سەرلەنوێ دەنووسییەوە بۆ ئەوەی زنجیرەکە و کارەکتەرەکانی دیکەش سەرکەوتووتر بن، " ئەو سەلماندی کە مرۆڤ دەتوانێت لە هەمان کاتدا هەم بلیمەت بێت و هەم میهرەبانیش بێت."

ڕۆگن داوای لە ئامادەبووان کرد کە بەرهەمە ناوازەکانی کاسرین وەک فیلمی "Beetlejuice" و "Best in Show" نیشانی نەوەکانی داهاتوویان بدەن، تا بزانن ئەم خانمە چ جۆرە ئەکتەرێکی دەگمەن بووە.

جێگەی باسە کاسرینئۆهارا لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، لە تەمەنی ٧١ ساڵیدا و دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە، بەپێی ڕاپۆرتە پزیشکییەکان، هۆکاری سەرەکی مردنەکەی کێشەی کۆئەندامی هەناسە و شێرپەنجەی کۆڵۆن بووە.