زانایانی بەڕازیل جۆرێکی نوێی دایناسۆری گەورەیان
دۆزییەوە کە پەیوەندی بە جۆرێکی هاوشێوەوە هەیە لە ئیسپانیا، ئەمەش بەڵگەیەکی نوێیە
لەسەر ئەوەی کە پێش ١٢٠ ملیۆن ساڵ ڕێگەی وشکانی لە نێوان ئەمریکای باشوور، ئەفریقا
و ئەوروپادا هەبووە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"،
ئەم جۆرە نوێیەی دایناسۆر ناوی "Dasossaurus tocantinensis"ی
لێنراوە و بە یەکێک لە گەورەترین ئەو دایناسۆرانە دادەنرێت کە تا ئێستا لە بەڕازیل دۆزراونەتەوە.
پاشماوەی ئەم دایناسۆرە لە کاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکی
ژێرخاندا لە نزیک شاری "Davinópolis" لە ویلایەتی "Maranhão" لە باکووری ڕۆژهەڵاتی بەڕازیل دۆزراوەتەوە، پارچە دۆزراوەکان
بریتین لە ئێسکی ڕان کە درێژییەکەی دەگاتە ١.٥ مەتر، ئەمەش وای لە توێژەران کردووە
مەزندە بکەن کە درێژیی دایناسۆرەکە نزیکەی ٢٠ مەتر بووە.
شوێنەوارناس لیۆناردۆ کیربەر، لە زانکۆی
"سانتا ماریا" و یەکێک لە بەشداربووانی توێژینەوەکە، دەڵێت "لەگەڵ بەردەوامبوونی
کارەکانی هەڵکەندن، هەستمان بە بوونی ئێسکێکی گەورە کرد کە ئێسکی ڕان بوو، دواتر بۆمان
دەرکەوت ئەمە یەکێکە لە گەورەترین دیناسۆرەکانی بەڕازیل".
بەپێی شیکارییەکانی زانکۆکە، ئەم جۆرە نوێیە
نزیکە لە جۆری "Garumbatitan
morellensis"
کە لە ئیسپانیادا دۆزراوەتەوە، زانایان پێیان وایە بنەچەی ئەم دایناسۆرانە ئەوروپییە
و نزیکەی ١٣٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لە ڕێگەی باکووری ئەفریقاوە گەیشتوونەتە ئەمریکای
باشوور، ئەوەش پێش ئەوەی زەریای ئەتڵەسی بە تەواوی دروست ببێت و کیشوەرەکان لە یەکتر
جیا بکاتەوە.