دوای زیاتر لە
٥٠ ساڵ دابڕان، ئاژانسی ناسا ئامادەکارییەکانی بۆ گەشتە مێژووییەکەی
"ئارتەمیس ٢" تەواو کردووە.
ئاژانسی ناسا بە ئەنجامدانی گەشتێکی
بێ وێنە جیهانی تووشی شۆک کردووە و بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٦ گەشتی مێژوویی ئارتەمیس ٢
ئەنجام بدرێت کە دەبێتە یەکەم وەرچەرخانی گەورەی مرۆڤایەتی بۆ گەڕانەوە بۆ
دەوروبەری مانگ دوای زیاتر لە نیو سەدە دابڕان.
لەم ئەرکەدا
چوار ئاسمانەوانی لێهاتوو کە بریتین لە ڕید وایزمان و ڤیکتۆر گڵۆڤەر و کریستینا
کۆک و جێرمی هانسن لە ڕێگەی کەشتیی ئۆراین و بەهێزترین موشەکی ناسا بەرەو قووڵایی
بۆشایی ئاسمان بەڕێ دەکەون و ئەم تیمە زۆر جیاوازە چونکە بۆ یەکەمجار ژنێک و
ئاسمانەوانێکی ڕەشپێست و هاووڵاتییەکی کەنەدی لە گەشتێکی مانگدا لەخۆدەگرێت.
ئەم تیمە بۆ ماوەی نۆ ڕۆژ لە گەشتێکی
بەردەوامدا دەبن و تا دوورترین خاڵ لە زەوییەوە دەڕۆن کە مرۆڤ تا ئێستا پێی
گەیشتبێت و ئەرکی سەرەکییان سووڕانەوەیە بە دەوری بەشی پشتەوەی مانگ و
تاقیکردنەوەی وردی سیستەمەکانی ژیانە تاوەکو ڕێگە خۆش بکەن بۆ گەشتەکانی ئارتەمیس
٣ و ٤ لە ساڵانی ٢٠٢٧ و ٢٠٢٨ کە ئامانجیان نیشتنەوەی ڕاستەوخۆی مرۆڤە لەسەر
جەمسەری باشووری مانگ و دامەزراندنی وێستگەیەکی بەردەوام بۆ گەشتەکانی داهاتوو
بەرەو هەسارەی مەریخ.
گەورەترین مەترسی لەم گەشتەدا
بریتییە لە تیشکە گەردوونییەکان چونکە ئاسمانەوانەکان بۆ ماوەیەکی زۆر لە دەرەوەی
پشتێنەی پارێزەری زەوی دەمێننەوە و ئەمەش مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە
مەترسیدارەکان زیاد دەکات هەروەها مەترسییەکی تری گەورە لە کاتی گەڕانەوەدایە چونکە
کەشتیی ئۆراین بە خێراییەکی یەکجار زۆر نزیکەی ٤٠ هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا
دەگەڕێتەوە و پارێزەرە گەرمییەکەی دەبێت بەرگەی پلەی گەرمییەک بگرێت کە دەگاتە
٢٧٦٠ پلەی سیلیزی کە ئەمە تاقیکردنەوەیەکی سەختە بۆ سەلامەتیی تیمەکە و هەر
تێکچوونێکی بزوێنەرەکانیش دەکرێت گەڕانەوەیان ئەستەم بکات بەڵام ناسا چەندین
سیستەمی یەدەگی بۆ پاراستنیان دابین کردووە.