دووبارە ئیلۆن
مەسک تەواوی جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، ئەمجارە پلاتفۆڕمێکی نوێی درووست
کردووە کە ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر کۆمپانیاکانی وەک پەیپاڵ (PayPal) و کاش
ئەپ (Cash App) دروست دەکات.
ئیلۆن مەسک بە فەرمی ڕایگەیاند کە لە
مانگی نیسانی داهاتوودا خزمەتگوزارییەکی نوێی دارایی بە ناوی "X
Money" دەخاتە
گەڕ.
ئەم پلاتفۆرمە نوێیەی ناو تۆڕی
کۆمەڵایەتی "ئێکس"، ڕێگە بە ٦٠٠ ملیۆن بەکارهێنەر دەدات کە بەبێ چوونە
دەرەوە لە ئەپڵیکەیشنەکە، پارە بنێرن و وەربگرن، هەروەها سوود لە کارتێکی بانکی
وەربگرن کە بۆ هەر کڕینێک بڕی ١٪ پاداشتی کاش-باکی هەیە.
یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین
تایبەتمەندییەکانی ئەم پڕۆژەیە، پێشکەشکردنی سوودی ساڵانەی ٦٪ـە بۆ ئەو پارانەی لە
هەژمارەکاندا دەمێننەوە، کە ئەم ڕێژەیە زۆر زیاترە لە زۆربەی بانکە تەقلیدییەکانی
ئەمریکا.
پڕۆژەکە بە هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای
ڤیزا (Visa) کار دەکات و پارەی بەکارهێنەران لە ڕێگەی بانکە
هاوبەشەکانەوە تا بڕی ٢٥٠ هەزار دۆلار بیمەکراوە.
وا بڕیارە کە
شێوەی یەکەمی پلاتفۆڕمەکە لە مانگی چواری ئەمساڵدا بەردەست بێت و خەڵکی بتوانن
مامەڵەکانیان لەوێوە ئەنجام بدەن، بەڵام ئەوە نابێتە شێوەیەکی جێگیری پلاتفۆرمەکە
و لە کۆتایی ئەم ساڵدا تازە دەکرێتەوە.
ئەم هەنگاوەی مەسک کە ئامانجی گۆڕینی
"ئێکس"ـە بۆ "سووپەر ئەپێکی" دارایی، هەر لە ئێستاوە بووەتە
هۆی دابەزینی بەهای پشکەکانی پەیپاڵ و سەرنجی دامەزراوە یاساییەکانی ئەمریکای
ڕاکێشاوە.