توێژەرانی زانکۆی
پزیشکی ژاپۆن بۆیان دەرکەوتووە کە کەمی سۆدیۆم بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە خوێندا دەبێتە
هۆی ناهاوسەنگی ماددە کیمیاییەکان لە مێشکدا.
لە گۆڤاری "Molecular Neurobiology" بڵاوکراوەتەوە، پسپۆران ئاماژە بەوە
دەکەن کە پێشتر دابەزینی ئاستی سۆدیۆم لە خوێندا بە حاڵەتێکی تاڕادەیەک بێ زیان
دادەنرا بەڵام توێژینەوە نوێیەکان کە لەسەر مشک ئەنجامدراوە دەریخستووە کە کەمی ئەلکترۆلایت
بۆ ماوەیەکی درێژ کاریگەری لەسەر گواستەرە دەمارییە ناوەندییەکان دەبێت و لەوانەیە
ببێتە هۆی تێکچوونی ڕەفتار و دڵەراوکێ.
بۆ ھاوشێوەکردنی
کەمی سۆدیۆمی درێژخایەن لە خوێندا، توێژەران تاقیکردنەوەیان لەسەر مشکەکان
ئەنجامداوە، کە دەرمانی دیسمۆپرێسین و خۆراکی شلەی کەم سۆدیۆمیان پێدراوە بۆ ماوەیەکی
درێژ، ئەنجامەکان دەریانخستووە کە ئاستی سۆدیۆمی خوێنی مشکەکان بە شێوەیەکی بەردەوام
کەمیکردووە، هەروەها ڕەفتاری دڵەڕاوکێیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
کاتێک توێژەران
مێشکی مشکەکانیان شیکردووەتەوە، بۆیان دەرکەوتووە کە ئاستی سیرۆتۆنین و دۆپامینیان
کەمبووەتەوە و زیاتر هەستیان بە ترس و دڵەراوکێ کردووە، هەروەها چالاکیی ڕێڕەوی
ئاماژەدانی ERKی تێکدا، کە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە
دروستبوونی وەڵامە سۆزدارییەکان.
توێژەران بۆیان
دەرکەوتووە دوای وەستاندنی دەرمانەکە و گەڕانەوەیان بۆ خۆراکی ئاسایی، ئاستی سۆدیۆمی
خوێنی ئاژەڵەکان گەڕاوەتەوە باری ئاسایی خۆی، لەگەڵ گەڕانەوەی هاوسەنگی کیمیایی لە
مێشکدا و نەمانی ڕەفتاری دڵەڕاوکێ هەستی پێکراوە، بە گوتەی ئەوان، ئەمە ئەوە دەردەخات
کە نیشانەکانی هاوشێوەی دڵەڕاوکێ دەتوانرێت بە ڕاستکردنەوەی ئاستی کەمی سۆدیۆم دەستپێبکەن
و چارەسەر بکرێن.
توێژەران جەخت لەوە
دەکەنەوە، هەرچەندە توێژینەوەکە لەسەر مشک ئەنجامدراوە، بەڵام ڕەنگە دۆزینەوەکانی
پەیوەندی بە مرۆڤیشەوە هەبێت، بەتایبەتی کەسانی بەساڵاچوو کە لەنێویاندا کەمی درێژخایەنی
ئاستی سۆدیۆم باو بووە.