کۆمپانیای ئەپڵ بەنیازە کاتژمێری زیرەک بۆ پێوانەکردنی شەکری خوێن بخاتە بازاڕەکانییەوە

PM:09:12:18/06/2025

364 جار خوێندراوەتەوە

ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆمپانیای ئەپڵ بەنیازە کاتژمێری زیرەک بۆ پێوانەکردنی شەکری خوێن بخاتە بازاڕەکانییەوە.

ماڵپەڕی "AppleInsider" کە تایبەتە بە هەواڵی ئامێرەکانی ئەپڵ، لە زاری جێف پوەوە بڵاویکردووەتەوە، کاتژمێرە نوێیەکان یەکەم ئامێری ئەپڵ دەبن کە توانای چاودێریکردنی ئاستی شەکری خوێنی هەبێت، پو روونیشیکردەوە کە ئامێری پێوانەکردنی ناوەکی تایبەتمەندییەکی سەرەکی دەبێت لە زنجیرەی کاتژمێری ئەپڵ ١٣ کە پێشبینی دەکرێت لە پاییزی ٢٠٢٧دا بڵاوبکرێتەوە.

ئەو شرۆڤەکارە وردەکاری زیاتری لەبارەی وادەی نمایشکردنی ئەو کاتژمێرانە ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ماوەی چەند ساڵێکە دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەپڵ ئامێرێکی زیرەک دروست دەکات کە ئاستی شەکری خوێن بپێوێت بەبێ ئەوەی پێویستی بە وەرگرتنی خوێنەکە ببێت.

جێگەی باسە پێشتر کۆمپانیای بلومبێرگ لە پاییزی ساڵی ٢٠٢٤دا بڵاویکردەوە کە نزیکە لە پەرەپێدانی پێوەرێکی شەکری خوێن کە بە هەمان شێوەی هەستەوەرەکانی ئۆکسجینی خوێن کاردەکات.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دوایین تایبەتمەندی تەندروستیی سەرەکی کە بۆ کاتژمێری ئەپڵ زیادکراوە پێوانەکردنی پەستانی خوێن بووە، کە لە ساڵی ٢٠٢٠ خراوەتە بازاڕەوە.