لە نانی بەیانیاندا ئاگاداری ئەم ماددە خۆراکیانە بن

AM:08:53:22/06/2025

3212 جار خوێندراوەتەوە

هێلکە بژاردەیەکی بەناوبانگی نانی بەیانییە، بەهۆی بەهای خۆراکی و ئاسانکاری لە ئامادەکردن و جۆراوجۆری شێوازی پێشکەشکردنی، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتە تەندروستییەکانی ئەم دواییە ڕەنگە پشت بەستن بەتەنها بەوە، پێداویستییە خۆراکییە هەمەچەشنەکانی جەستە دابین نەکات.

لە ماڵپەڕی "eremnews" هەرچەندە هێلکە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە پرۆتین و چەورییە تەندروستەکان، بەڵام خواردنی هەموو بەیانیەک بەتەنها ڕەنگە ببێتە هۆی کەمی هەندێک ماددە خۆراکییە گرنگەکان کە پێویستن بۆ جەستەیەکی تەندروست، وەک:

کەمی ڕیشاڵ:

هێلکە ڕیشاڵی تێدا نییە کە پێویستە بۆ تەندروستی هەرس و ڕێکخستنی ئاستی شەکر لە خوێندا، نەخواردنی خۆراکی وەک میوە یان دانەوێڵەی تەواو لەگەڵ هێلکەدا ئەگەری تووشبوون بە قەبزی و نەخۆشییەکانی دڵ لە درێژخایەندا زیاد دەکات.

کەمی دژە ئۆکسێنەر:

لە کاتێکدا هێلکە هەندێک دژە ئۆکسانی تێدایە وەکو لوتین و زیاکسانتین، بەڵام ئەو جۆرە دژە ئۆکسێنەرە جۆراوجۆرانەی تێدایە نییە کە لە میوە و سەوزە ڕەنگاوڕەنگەکاندا هەیە، وەکو توو و بیبەر و تەماتە، کە ڕۆڵیان هەیە لە ڕێگریکردن لە هەوکردن و نەخۆشییە درێژخایەنەکان.

نەبوونی کاربۆهیدراتی ئاڵۆز:

هێلکە دەوڵەمەندە بە پرۆتین و کەمی کاربۆهیدرات، ئەمەش دوای ماوەیەکی کورت دەبێتە هۆی برسێتی، تێکەڵکردنی کاربۆهیدراتی ئاڵۆز وەک پەتاتەی شیرین لەگەڵ ژەمێکدا وزەی بەردەوام دەبەخشێت و تەرکیز بەرز دەکاتەوە.

کەمی ڤیتامین سی:

هێلکە بە تەواوی کەمی ڤیتامین سی هەیە کە پێویستە بۆ پاڵپشتیکردنی بەرگری جەستە و تەندروستی پێست و هەڵمژینی ئاسن، خواردنی میوەی لیمۆ یان پەرداخێک ئاوی پرتەقاڵ لەگەڵ هێلکەدا دەتوانێت قەرەبووی ئەم کەمییە بکاتەوە.

نەبوونی پێکهاتەی ڕووەکی:

بە تەنها پشت بەستن بە پرۆتینی ئاژەڵ بۆ نانی بەیانی جەستە بێبەش دەکات لە پێکهاتەی ڕووەکی بەسوود وەک فلاڤۆنۆید و فیتۆنۆترینت، وەرگرتنی مشتێک گوێز یان تۆوی شیا دەتوانێت سوودە خۆراکیەکان بەرز بکاتەوە.

جێگەی باسە هێلکە هەڵبژاردەیەکی نایاب و باشە، بەڵام جێگەی جۆراوجۆری خۆراکی ناگرێتەوە، تێکەڵکردنیان لەگەڵ سەرچاوەی دیکەی وەک میوە و سەوزە و دانەوێڵە تەواوەکان دەستپێکردنێکی هاوسەنگتر و تەندروستتر بە جەستە دەبەخشێت بۆ ڕۆژەکە جگە لەوەش نانی بەیانی تەنها ژەمێک نییە بەڵکو خاڵی دەستپێکی تەواوی ڕۆژێکی چالاکییە.