کاڵەک یارمەتیدەرە لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆس و بەکتریاکانی جەستە

PM:11:22:18/06/2025

1024 جار خوێندراوەتەوە

کاڵەک میوەیەکی هاوینەییە و بە تامە شیرینەکەی و بەهای خۆراکییە بەرزەکەی تایبەتمەندە، جگە لە تامە خۆشەکەی چەندین سوودی تەندروستی هەیە کە وای لێدەکات ببێتە هەڵبژاردەیەکی نایاب بۆ خۆراکی هاوسەنگ.

لە ماڵپەڕی "lebanon24" بڵاوکراوەتەوە، پسپۆران ئاماژە بەوە دەکەن کە کاڵەک ڕێژەیەکی زۆر ئاوی تێدایە، ئەمەش وایکردووە میوەیەکی گونجاو بێت بۆ هێشتنەوەی جەستە بە شێداری، بەتایبەتی لە ڕۆژە گەرمەکانی هاویندا یان دوای ڕاهێنان، لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوەیەکی باشی ڤیتامین سییە، کە بەرگری جەستە بەهێز دەکات لەڕێگەی هاندانی خڕۆکە سپییەکانی خوێنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆس و بەکتریاکانی جەستە کە هۆکارەکانی نەخۆشین.

بەشدارە لە باشترکردنی کرداری هەرسکردن بەهۆی ڕێژەی ڕیشاڵ و ئاوەکەیەوە، کە یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە قەبزی و بەرەوپێشبردنی تەندروستی ڕیخۆڵە هەروەها ڤیتامین Aو بێتا کارۆتین لەخۆدەگرێت کە دوو مادەی خۆراکی گرنگن بۆ تەندروستی چاو، بەشدارن لە خۆپاراستن لەو نەخۆشیانەی پەیوەستن بە لەدەستدانی بینینەوە.

دەوڵەمەندە بە پۆتاسیۆم کە یارمەتی ڕێکخستنی پەستانی خوێن و پاراستنی تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکان دەدات، بەهۆی کەمی کالۆری و ڕێژەیەکی زۆری ئاو و ڕیشاڵەوە کاڵەک هەڵبژاردەیەکی گونجاوە بۆ ئەوانەی ڕێجیم دەکەن، چونکە وادەکات بۆ ماوەیەکی زۆر هەست بە تێری بکەیت.

کاڵەک بەشدارە لە باشترکردنی تەندروستی پێست و قژ بەهۆی ڕێژەی ڤیتامین Aو ڤیتامین C کە بەرهەمهێنانی کۆلاجین بەرز دەکەنەوە، یارمەتی پاراستنی تەندروستی پێست و قژ دەدات.

هەندێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو ڕیشاڵ و بیتا کارۆتین و دژە ئۆکسێنەرانەی لە کاڵەکدا هەیە یارمەتیدەرن لە ڕێگریکردن لە هەندێک جۆری شێرپەنجە، وەک شێرپەنجەی قۆڵۆن.

سەرچاوەیەکی باشی کالیسیۆمە، کە یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی ئێسک و ددانەکان و ڕێگریکردن لە پووکانەوەی ئێسک لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا، ترشی فۆلیکی تێدایە کە بۆ خانمانی دووگیان زۆر پێویستە بەتایبەتی لە مانگەکانی یەکەمی دووگیاندا، چونکە یارمەتی خۆراکدانی کۆرپەلە دەدات.