ئایا نەخۆشانی گورچیلە دەتوانن شووتی بخۆن؟

PM:01:41:14/05/2025

4256 جار خوێندراوەتەوە

لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە کاریگەرییەکانی خواردنی شووتی لەسەر تەندروستی گورچیلە کراوە، هەروەها لێکۆڵینەوە لەوە کراوە کە کەی سوودی هەیە و کەی دەبێتە مەترسییەک لەسەر تەندروستی.

لە ماڵپەڕی " alwatannews" بڵاوکراوەتەوە، شووتی زیاتر لە ٩٠%ی لە ئاو پێکدێت، ئەمەش وایکردووە سوودی هەبێت بۆ شێدارکردنەوەی جەستە هەروەها دژە ئۆکسانی تێدایە وەکو لایکۆپین و ڤیتامین سی کە سیستمی بەرگری جەستە بەهێز دەکەن و هەوکردن کەمدەکەنەوە جگە لەوەش کالۆری کەمی تێدایە و وادەکات بۆ ماوەیەکی زۆر هەست بە تێربوون بکەیت.

شووتی بڕێکی مامناوەند پۆتاسیۆمی تێدایە کە کانزایەکی گرنگە بۆ ماسولکە و کارەکانی دڵ بەڵام لە نەخۆشانی گورچیلە بەتایبەت ئەوانەی لە قۆناغی پێشکەوتووی سستبوونی گورچیلەدان ناتوانن پۆتاسیۆمی زیادە لە خوێندا لەناوببەن ئەمەش حاڵەتێکی مەترسیدارە و کاریگەری لەسەر لێدانی دڵ دەبێت و فشاری زیاتر لەسەر گورچیلە دروست دەکات.

لەگەڵ ئەوەشدا شووتی ڕێژەی شەکرە سادەکەی دەبێته هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی شەکری خوێن، پسپۆران باس لەوە دەکەن ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە یان ئەوانەی کێشەی گورچیلەیان هەیە ئەوا بە بەشێوەیەکی مامناوەند شووتی بخۆن و زیادەڕۆی نەکەن لە خواردنی.

دکتۆر ئێری بێرگ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا "ئایا نەخۆشانی گورچیلە دەتوانن شووتی بخۆن؟" رایگەیاند " بەڵێ، بەڵام بە ڕێژەیەکی مامناوەند و لەژێر چاودێری پزیشک یان پسپۆڕی خۆراکدا، لە قۆناغە سەرەتاییەکانی نەخۆشی گورچیلەدا خواردنی یەک یان دوو پارچە شووتی رەنگە تەندروست بێت بەڵام لە قۆناغە پێشکەوتووەکان یان حاڵەتەکانی بەرزبوونەوەی پۆتاسیۆمدا، ڕەنگە شووتی بە تەواوی قەدەغە بکرێت یان سنووردار بکرێت، باشترە پێش ئەوەی شووتی بخەیتە ناو خۆراکی رۆژانەتەوە پشکنینی خوێن بۆ ئاستی پۆتاسیۆم بکەیت"