ئەو هۆکارانەی پیربوونی مێشک خێراتر دەکەن

AM:11:29:13/05/2025

5136 جار خوێندراوەتەوە

زانایانی زانکۆی شەنگەهای لە چین بۆیان دەرکەوتووە مێشکی ئەو کەسانەی کە خووی ناتەندروست و تێکچوونی میتابۆلیکیان هەیە، وەک بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و بەرزی شەکری خوێن، زۆر خێراتر پیر دەبن.

گۆڤاری زانستی "Research" ئاماژە بەوە دەکات کە توێژەران لەم توێژینەوەیەدا داتای ١٦ ساڵ بەدواداچوونیان شیکردووەتەوە، توێژەران بە بەکارهێنانی MRIهەڵسەنگاندیان بۆ تەمەنی مێشک کردووە، کە پێوەرێکە گۆڕانکارییە پێکهاتەییەکانی پەیوەست بە پیربوون نیشان دەدات، ئەم گۆڕانکاریانە بریتین لە لاوازبوونی شانەکان، تێکچوونی پێکهاتەی ماددە سپییەکان و نیشانە نەخۆشییەکان.

بەراوردکردنی وێنەکانیMRI لەگەڵ چەندین هۆکاری مەترسی، لەوانەش شێوازی ژیان و باری تەندروستی، دەریخست کە ئەو حاڵەتانەی زۆرترین پەیوەندییان بە پیربوونی مێشکەوە هەیە بریتین لە بەرزی پەستانی خوێن، بەرزی شەکری خوێن، جگەرەکێشان و کەمی خوێندنەوە.

توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە تا بەشداربووان هۆکاری مەترسی زیاتریان هەبێت، تەمەنی مێشکیان زیاتر جیاوازە لەگەڵ تەمەنی بایۆلۆژی ئەمەش ئەوە دەردەخات کە تێکەڵبوونی خووی خراپ و تێکچوونی گۆڕانکاری خۆراک پرۆسەکانی تێکچوون خێراتر دەکات.

ئەمەش جەخت لەسەر گرنگی خۆپاراستنی پێشوەختە لە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و میتابۆلیک دەکاتەوە بۆ خاوکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە تەمەن لە مێشکدا.