یەک سێڵفی تەمەنی بایۆلۆژیت دیاری دەکات

AM:11:08:10/05/2025

2160 جار خوێندراوەتەوە

زانایان ئامێرێکیان دروستکردووە کە تەنها بە یەک سێڵفی تەمەنی بایۆلۆژی کەسەکە و پێشبینیکردنی باری تەندروستی دەستنیشان دەکات.

زانایانی ئەمریکا ئاشکرایان کرد کە ئامڕازێکی زیرەکی "FaceAge" یان پەرەپێداوە، توانای شیکردنەوەی وردی سیماکانی دەموچاوی هەیە لە یەک وێنەوە خەمڵاندنی تەمەنی بایۆلۆژی کەسەکە دەکات، ئەمەش ڕەنگدانەوەی باری تەندروستی ڕاستەقینەی جەستەیە بەبێ گوێدانە تەمەنی ڕاستەقینەی کەسەکە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "The Mirror"، ئەلگۆریتمەکە لەسەر زیاتر لە ٥٩ هەزار وێنەی دەموچاو ڕاهێنراوە، ئەمەش وایکردووە نیشانەکانی پیربوونی پەیوەندیدار بە تەندروستییەوە دەستنیشان بکات، وەک کاریگەری شێوازی ژیان و هۆکارە بۆماوەییەکان لەسەر دەرکەوتنی شێوەی کەسەکە.

لەم چوارچێوەیەدا، دکتۆر هوگۆ ئێرتس نوسەری سەرەکی توێژینەوەکە رایگەیاند " بۆ یەکەمجار نیشانماندا کە زیرەکی دەستکرد دەتوانێت لە رێگەی سێڵفییەکەوە تەمەنی بایۆلۆژی کەسێک دیاری بکات، ئەمەش وامان لێدەکات بە ئاسانی چاودێری باری تەندروستی نەخۆشەکان بکەین و مەترسی مردن یان ئاڵۆزییەکان بخەمڵێنین، بەتایبەتی دوای نەشتەرگەرییە گەورەکان یان چارەسەری چڕەکان"

توێژەران ڕوونیان کردەوە کە خەمڵاندنی تەمەنی بایۆلۆجی دەتوانێت یارمەتی پزیشکەکان بدات بۆ هەڵسەنگاندنی نەخۆشەکان لە دەرەوەی پشکنینە کۆنەکان کە پشت بە هەڵسەنگاندنی بینراوی گشتی دەرکەوتنی نەخۆشێک دەبەستێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا بەرگەی چارەسەری چری وەک چارەسەری کیمیایی دەگرن یان نا.

ئامێرەکە لەسەر شەش هەزار و ٢٠٠ تووشبووی شێرپەنجە تاقیکراوەتەوە بە بەکارهێنانی ئەو وێنانەی کە لە سەرەتای چارەسەرکردندا گیراون، ئەنجامەکان دەریانخستووە کە تەمەنی بایۆلۆژی نەخۆشەکان بە تێکڕا پێنج ساڵ زیاترە لە تەمەنی ڕاستەقینەی خۆیان، هەروەها دەریخستووە کە ئەو نەخۆشانەی خوێندنەوەی FaceAgeیان لە سەرووی ٨٥ ساڵەوە بووە، ڕێژەی مانەوەیان کەمتر بووە، ئەمەش وردی ئامرازەکە لە پێشبینیکردنی دەرئەنجامە تەندروستییەکان دەردەخات.

جەختیشیان لەوە کردەوە ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانێت دەرگا بەڕووی بەکارهێنانی بەربڵاوی زیرەکی دەستکرد لە دەستنیشانکردنی پێشوەختە و چاودێریکردنی تەندروستیدا بکاتەوە.