توێژینەوەیەک: قاوە لە چەندین جۆری شێرپەنجە دەتپارێزێت

AM:08:53:19/04/2025

1556 جار خوێندراوەتەوە

زۆربەری جۆرەکانی قاوە ئەو ماددە و پێکهاتانەیان تێدایە کە تایبەتمەندی دژە هەوکردن و دژە شێرپەنجەیان هەیە.

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "BPsychology Today" پسپۆران پێشنیاری خواردنەوەی قاوە دەکەن پێچەوانەی ئەو باوەڕە باوەی کە دەڵێن مەترسی لەسەر تەندروستی هەیە، شارەزایان بۆیان دەرکەوتووە قاوە زۆر سوودی تەندروستی هەیە دیارترینیان مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە کەمدەکاتەوە.

قاوە یەکێکە لە خواردنەوە بەربڵاوەکان لە جیهاندا، ساڵانە زیاتر لە ١٠ ملیۆن تەن لەو خواردنەوەیە بەرهەمدەهێنرێت، خواردنەوەی بەربڵاوی قاوە بووەتە هۆی لێکۆڵینەوەی بەرفراوان لەسەر کاریگەرییە تەندروستییەکانی، بەتایبەتی کاریگەرییە ئەگەرییەکانی لەسەر نەخۆشییە درێژخایەنەکانی پەیوەست بە تەمەنەوە.

شیکارییەکانی ئێستا ئەوە دەردەخەن کە خواردنەوەی قاوە مەترسی تووشبوون بە زۆرێک لە جۆرەکانی شێرپەنجە کەمدەکاتەوە، بەڵام نەک هەموو جۆرەکانی شێرپەنجە، دەرەنجامەکانی پێشوو سەبارەت بە سوود و مەترسییەکانی خواردنەوەی قاوە لەسەر شێرپەنجە و مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان زۆرجار نادروست بوون بەهۆی هۆکارەکانی وەک جگەرەکێشان و پێوەرەکانی بارستەی جەستە.

لە ڕاپۆرتە نوێیەکەدا هاتووە قاوە خواردنەوەیەکی ئاڵۆزە، کوپێکی ئاسایی قاوە لە زیاتر لە ١٠٠ پێکهاتەی بایۆلۆجی و کیمیایی پێکدێت و پێکهاتەی ماددە کیمیاییە چالاکە زیندووەکان زۆر جیاوازە بەپێی جۆری قاوەکە و شێوازی ئامادەکردنەکەی.

زۆربەی جۆرەکانی قاوە ئەو ماددە و پێکهاتانەیان تێدایە کە تایبەتمەندی دژە هەوکردن و دژە شێرپەنجەیان هەیە، مەگنیسیۆمی ناو قاوە بەشدارە لە پاڵپشتیکردنی کارکردنی ماسولکە و دەمارەکان و کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن و تەندروستی ئێسکەکان، تایبەتمەندی دژە ئۆکسێنەریان هەیە و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و شێرپەنجە کەمدەکاتەوە.

هەروەها کافاین کاریگەری هاندەری هەیە کە دەتوانێت وریایی دەروونی باشتر بکات و ئەگەری توشبوون بە زەهایمەر کەمدەکاتەوە.