چی روودەدات ئەگەر بڕێکی زۆر ڤیتامین D وەربگریت؟

PM:05:53:17/10/2023

2588 جار خوێندراوەتەوە

هەندێک لە ڤیتامین و کانزاکان گرنگن کاتێک باس لە دڵنیا بوون لە کارکردنی جەستەمان بە باشترین شێوە دەکرێت، بەڵام هەندێکیان زیانبەخشن کاتێک بڕێکی زۆری لێ وەردەگیرێت.

ماڵپەڕی "لوبنان ٢٤" لە بابەتێکدا، باس لە کەمی هەندێک لە ماددە خۆراکییەکان دەکات، کە دەبنە هۆی ئەوەی هەست بە لاوازی و ماندووبوون بکەیت، تەنانەت وا دەکات تووشی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان بیت، هەر لەبەر ئەم هۆکارە زۆرێک پشت بە تەواوکەرە خۆراکییەکانی رۆژانە دەبەستن، کە زۆر جار لە شێوەی حەبدان، بەڵام خواردنیان تاڕادەیەک مەترسی لەسەر تەندروستی هەیە.

دکتۆر رۆس پێری پزیشکی گشتی و بەڕێوەبەری پزیشکی کلینیکەکانی پێست لە کۆمپانیای کۆسمێدیکس هۆشداریدا لە مەترسییەکانی خواردنی بڕێکی زۆر لە ڤیتامین دی بۆ تەندروستی گشتی.

دکتۆرەکە هۆکاری پێویستی ڤیتامین دی روون کردەوە و وتی "ڤیتامین دی لە بنەڕەتدا ماددەیەکی خۆراکییە کە جەستە پێویستی پێیەتی بە رێژەیەکی کەم بۆ ئەوەی کار بکات و بە تەندروستی بمێنێتەوە، ڤیتامین دی یارمەتی جەستە دەدات کە کالیسیۆم و فسفۆر بەکاربهێنێت بۆ پاراستنی تەندروستی و بەهێزی ئێسکەکان، ماسولکەکان و ددانەکان کەمی ڤیتامین دی دەتوانێت ببێتە هۆی لاوازبوونی ئێسکەکان".

لە درێژەی قسەکانیدا وتی "سەرچاوەی سەرەکی ڤیتامین دی خۆرە، کەمی ڤیتامین دی پەیوەندی بە کەمی وزە و هەستکردن بە ماندوێتیەوە هەیە، بۆیە سروشتییە کە وەرگرتنی بڕی پێویستی رۆژانەت لە رێگەی بەرکەوتنی سروشتی بە تیشکی خۆر بێت"

بەڵام لە وەرزی زستاندا رەنگە تیشکی سەروو وەنەوشەیی پێویست بۆ پێست دەست نەکەوێت بۆ بەرهەمهێنانی ڤیتامین دی بەم شێوەیە پێویستی بە زیادکردنی وەرگرتنی ڤیتامین دی هەیە لە رێگەی خۆراک یان تەواوکەرە خۆراکییەکانەوە.

وەک دەزانرێت، زۆر خواردنی ڤیتامین دی وەک تەواوکەرێک بۆ ماوەیەکی درێژ دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی کالیسیۆم لە جەستەدا، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئێسک و زیان بە دڵ و گورچیلە دەگەیەنێت.

زۆر خواردنی ڤیتامین دی رەنگە زیانبەخش بێت، بەرزبوونەوەی رێژەیەکی زۆر بەرزی ڤیتامین دی لە خوێندا دەبێتە هۆی سکچوون، رشانەوە، لاوازی ماسولکەکان، قەلەقی، ئازار، لەدەستدانی ئارەزووی خواردن، وشکبوونەوەی جەستە، زۆر میزکردن، تینوێتی و بەردی گورچیلە.

هەروەها ئاستی بەرزی ڤیتامین دی دەتوانێت ببێتە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلە، ناڕێکی لێدانی دڵ و تەنانەت مردنیش.
H.Y