زانایان سەرکەوتوو بوون لە کێشانی نەخشەی کیشوەرە
ونبووەکە، کە لە ئێستادا بە کیشوەری هەشتەم دادەنرێت و ناوی
"زیلاندیا"ـیە.
ماڵپەڕی سکای نیوز بڵاویکردووەتەوە، تیمێکی توێژەرانی ئەمریکا،
نیوزلەندا، دانیمارک، ئوسترالیا و وڵاتانی تریش کاریان بۆ نەخشەکێشانی کیشوەری زیلاندیا
کردووە، ئەویش بە بەکارهێنانی نموونەی بەردی ژێر زەریا و شێوازی نەخشەکێشانی
جوگرافی.
دوای نزیکەی ٣٧٥ ساڵ، زانایانی جیۆلۆجی پەردەیان لەسەر "زیلاندیا"
لادا، کیشوەرێک کە لەمێژە خۆی دیار نەماوە، ئەم دۆزینەوە سەرسوڕهێنەرە لە ڕێگەی شیکاری
وردی ئەو زانیاریانەی کە لە نموونەی بەردی کۆنکرێتکراوەوە وەرگیراون کە لە بنی زەریاکانەوە
بوون.
توێژەرەکان رایانگەیاند، نەخشەی ئەو کیشوەرە لە باشووری رۆژئاوای
زەریای هێمنە لە نزیک ئوسترالیا.
رووبەری کیشوەرەکە پێنج ملیۆن کیلۆمەتر
چوارگۆشەیە و لە ژێر ئاودایە کە یەکسانە بە دوو لەسەر سێی رووبەری ئوسترالیا،
توێژەران پێیان وایە ئەم کیشوەرە ٨٣ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، لە قۆناغی کۆتایی کریتاسیدا
دروست بووبێت.
M.B