هەوکردنی پەردەی مێشک و نیشانەکانی چین؟

PM:02:59:22/04/2023

17780 جار خوێندراوەتەوە

پسپۆڕێکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی منداڵ رایگەیاندووە، هەوکردنی پەردەی مێشک بریتییە لە هەوکردنی پەردەی دەوری مێشک و دڕکە پەتک، ئەگەر چارەسەرەکەی دوابکەوێت زیانەکانی بۆ نەخۆشەکە زیاتر دەبێت.

پشدەر عەبدوڵا ئیسماعیل پسپۆڕی پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان لە پەرەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک لە بارەی هۆکارەکانی هەوکردنی پەردەی مێشک نوسیوویەتی، هۆکارەکانی لەوانەیه بەکتریا، ڤایرۆس، شێرپەنجە، دەرمان، یان پاڕاسایت بێت.

سەبارەت بە نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بۆ منداڵانی بچوکتر لە سێ مانگ بریتین لە:

یەکەم: شیرخواردنی کەم دەبێتەوە.

دووەم: ڕشانەوە.

سێیەم: بێزاری و ئیزعاجبوون .

چوارەم: تای بەرز.

پێنجەم: گەشکە.

شەشەم: لەوانەیه پلەی گەرمی لەشی دابەزێت.

حەوتەم: جەستەی نەرم دەبێت واتە بێ هێز .

هەشتەم: شەکرەی خوێنی دادەبەزێت.

نۆیەم: ئەو بەشەی لە کەلـلە سەردا مەڵاشووی پێدەڵێن بەرەودەرەوە دەردەچێت.

ئاماژەی بەوەکردووە، نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە لە منداڵی گەورەتر لە یەک ساڵ لەوانەیە یەکێک یان کۆمەڵێک لەم نیشانانە بێت:

یەکەم: رشانەوە و دڵ تێکهەڵاتن.

دووەم: سەرئێشە.

سێیەم: هەستیاریی بە ڕووناکی زیاد دەکات، واتە بە ڕووناکی بێزار دەبێت.

چوارەم: تای بەرز.

پێنجەم:هۆشی منداڵەکە تێکدەچێت.

شەشەم: بێ تاقەتی و بێزاربوون.

حەوتەم: لەوانەیە گەشکەی لێبدات.

هەشتەم: ملی ڕەق دەبێت.

ئەو پزیشکە روونیکردووەتەوە، بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکە پێویستە ئاو لە پشتی منداڵەکە دەربهێنرێت، بەڵام زۆرجار دایک و باوکی منداڵەکە ڕێگە نادەن ئەو شیکارییە بکرێت کە زۆر ئاسانە و هیچ کێشەیەک بۆ منداڵەکە دروست ناکات.

لە حاڵەتێکدا ئەگەر منداڵەکە چارەسەر وەرنەگرێت رووبەڕووی ئەم گرفتانە دەبێتەوە:

یەکەم: لەوانەیە ببێتە هۆی مردنی.

دووەم: کێشەی بینین و لە دەستدانی بینین.

سێیەم: کێشەی بیستن و لەوانەیە بیستنی بە تەواوی لەدەست بدات.

چوارەم:گەشکەی بەردەوام.

پێنجەم: ئیفلیج بوون.

شەشەم:زیرەکی و ئاستی توانای مێشکی کەم دەبێتەوە.

پشدەری پزیشک ئامۆژگاریی دەیکان و باوکان دەکات و پێیان رادەگەیەنێت، تکایە هەرگیز لەبەر کەلـلە ڕەقی بەڕێزت ژیانی منداڵەکەت مەخەرە مەترسییەوە، چونکە هەرکێشەیەک لەوانە ڕووبدات دەبێت هەموو تەمەنت ئاخ هەڵبکێشیت و لە ئاست منداڵەکەتدا چاو نەکەیتەوە و خزمەتی بکەیت.

ئ.ل