سەرەڕای گەیشتنی نرخی نەوت بە نزیکەی ١٢٠ دۆلار، هەرێمی کوردستان کێشەی موچەی هەیە و دوای تێپەڕبوونی ١٧ رۆژ بەسەر وادەی دابەشکردنی موچەدا هێشتا موچەی مانگی شوبات دابەشنەکراوە.
ناوەندی نالیا بۆ راوێژ و سیاسەتە گشتییەکان لە توێژینەوەیەکدا، هۆکاری کەمی پارەی نەوت شیدەکاتەوە و بەشێک لەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ خراپی گرێبەستەکان.
گرێبەستەکانی هەرێم
لە جیهاندا وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت و غاز پشت بەچەند جۆرێکی گرێبەست دەبەستن
بۆ بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت و غازەکەیان.
دوو لە دیارترین جۆرەکانی گرێبەستە نەوتیی و غازییەکان بەم جۆرەن: یەکەمیان
گرێبەستی هاوبەشی بەرهەم، کە حکومەتی هەرێم دەیکات، حکومەت هیچ بڕە پارەیەک بۆ کۆمپانیای
بەرهەمهێنەر خەرجناکات و کۆمپانیاکە سەرجەم تێچووەکان دەگرێتە ئەستۆ.
بەگوێرەی ئەم گرێبەستە، لەو رۆژەوەی کۆمپانیاکە بەرهەمی کێڵگەکە دەگەیەنێتە
ئاستی بازرگانی، سەرەتا دەستدەکات بە هەڵگرتنەوەی سەرجەم ئەو پارانەی پێشتر خەرجیکردووە.
دواتر، کۆمپانیا و وڵاتی خاوەن کێڵگەکە هەر یەکە و بەپێی پشکەکانیان داهاتی کێڵگەکە
دابەشدەکەن.
ناوەندی نالیا ئەوەى خستووەتەڕوو، لە بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکانى هەرێم کۆمپانیاکان
تاکو ٤٥٪ی پشکەکانیان هەیە، بەو پێیەش پارەی ئەم نەوتە دوای دەرکردنی هەموو خەرجیەکانی
بەرهەمهێنان، گواستنەوە، هەنارەدەکردن و بازاڕکردن لە هەر ١٠٠ دۆلارێک ٤٥ دۆلاری دەبات
و ٥٥ دۆلاریشی دەدات بە حکومەتی هەرێم.
نەک هەر ئەمە بەڵکو لە هەندێک کێڵگەدا
رێژەکە زۆر بەرزترە و بۆنمونە لە کێڵگەی تاوکێ و پشخابوور هێشتا کۆمپانیاکان ٥٠٪ی
داهاتی پوختی کێڵگەکە دەبەن و لە کێڵگەی ئاکرێ/ بجێلیش ٦٠٪ی داهاتی پوختی کێڵگەکە
دەبەن.
بەگوێرەی توێژینەوەکە ئەم جۆرە لە
گرێبەست باش نییە و لە وڵاتانی دەوروبەردا بەڕێژەیەکی زۆر کەمتر ئەم شێوازە لە
گرێبەست پەیڕەودەکرێت، سەرەڕای ئەوەش حکومەتی ئەو وڵاتانە باج دەخانە سەر
کۆمپانیای نەوتییەکان لەو پشکەش کە پێیان دەدرێت، بەڵام حکومەتی هەرێـم لەو
باجانەش خۆشبووە، کە ئەمەش بەفیڕۆدانی داهاتی نەوەکانی داهاتووی کۆمەڵگەیە.
جۆرى دووەم وەک ناوەندی نالیا دەڵێت، گرێبەستی خزمەتگوزاریی تەکنیکییە کە
حکومەتی عێراق پشتی پێدەبەستێت، تێیدا کۆمپانیاکە بەپێی ژمارەی ئەو بەرمیلە نەوتانەی
بەرهەمی دەهێنێت، کرێیەکی دیاریکراو وەردەگرێت. بۆ نمونە کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل، لە بەشێک لە کێڵگەکانی بەسرە نزیکەی ٢ دۆلار کرێی
بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت وەردەگرێت، ئەمە دوای ئەوەی کە تێچووی بەرهەمهێنان
هەڵدەگرێتەوە.
ئەگەرچی زۆر کەس پێییان وایە گرفت لە سروشتی گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمدایە
بۆیە داهاتە نەوتییەکانی هەرێم کەمە، بەڵام بەگوێرەى راپۆرتەکەى ناوەندی نالیا
گرفت لە ئیدارەدان و دانوستاندنی رێکەوتنەکان بووە لەگەڵ کۆمپانیاکاندا، بەجۆرێک کێشەکە
ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم پشکی زۆر گەورەی داوە بە کۆمپانیاکان.
جگە لەوەش قازانجەکانی حکومەت نابێت بەس پشکەکانی بێت لە بەرهەمی کێڵگەکەدا،
بەڵکو باجی سەر داهاتی کۆمپانیاکە و گومرکی بەرهەمەکانیشی دەبێت بەشێک بێت لە
داهاتە گشتییەکان، کە حکومەتی هەرێم کۆمپانیاکانی لەم باج و گومرکە بەخشیووە.
لەلایەکی دیکەوە، گرفتێکی گەورەی ئەم گرێبەستانە لەوەدایە بەشێکی زۆر لە
داهاتەکان بۆ کۆمپانیاکانی یەکێتی و پارتی دەڕوات کە چەند کۆمپانیایەکی جیاواز
خزمەتگوزاری گواستنەوەی نەوتەکە کە کۆمپانیای کار زۆرترین پشکی تێدا هەیە ونزیکە
لە پارتی دیموکراتی کوردستان، هەروەها چەند کۆمپانیایەکی دیکەیان کە خزمەتگوزاری پاراستنی
بۆریە نەوتەکان دەکەن (لەکاتێکدا حکومەتی هەرێـم ٣٠٠ هەزار کەسی چەکداری هەیە و
دەکرا بەوانە بیانپارێزێت)، هەروەها خزمەتگوزاری دابینکردنی خۆراک و چەند
کۆمپانیایکەی خزمەتگوزاری دیکە.
لە راپۆرتەکەدا وەک چارەسەری نزیک مەودا و دوور مەوداش خراوەتەڕوو.
بۆ خوێندنەوەی تەواوی راپۆرتەکە لێرە کلیک بکە: