بەرپرسانی ئۆکرانیا رایانگەیاند، دوێنێ هەینی پارێزگاری شاری میلیتۆبۆل لەلایەن سەربازە روسیەکانەوە لەباشوری شاری ئۆکرانیا رفێنراوە و دواتریش بابەتەکە لەلایەن ڤۆلۆدێمیر زیلینسکییەوە پشتڕاستکراوەتەوە.
ئەندامێکی پەرلەمانی ئۆکرانیا بەناوی رادا لە تویتەری خۆی رایگەیاند، گروپێک کە ژمارەیان نزیکەی ١٠ کەس بووە سەرۆکی شارەوانی پارێزگای ملیتۆبۆلیان رفاندووە کە ناوی ئیڤان دیورۆڤ بووە و رەتی کردووەتەوە مامەڵە لەگەڵ دوژمنەکاندا بکات.
ئەندامەکەی پەرلەمان باسی
لەوەکردووە، سەرۆکی شارەوانی شارەکە لەکاتێکدا فڕێندراوە لە دووری ١٢٠ کیلۆمەتر لە
باشوری زاپۆروگیا بووە لە کاتێکدا لە سەنتەری قەیرانەکانی شار بووە و چاودێری کەلوپەلی
عەمبارکراوی شارەکەی کردووە.
ڤۆلۆدێمیر زیلنسکی سەرۆکی
ئۆکرانیا لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا رایگەیاند، لە هێرشەکانی شەوی رابردووی هێزەکانی
روسیادا سەرۆکی شارەوانی شارەکە بەدیل گیراوە کە یەکێک بووە لەو کەسە ئازایانەی کە
پارێزگاری لە وڵات کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی
زیاتر لە دوو هەفتەیە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەستی پێکردووە
و بەردەوام لێدوانی دژبەیەک بڵاو دەکرێتەوە و ئامارەکانیش جیاوازن و وڵاتانی ئەوروپا
باس لەوە دەکەن سزای زیاتر بەسەر روسیادا دەسەپێنن.