پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لە کۆگاکان و عەمبارەکاندا تا بەشی یەک ساڵی دیکە خۆراک هەیە و قەیرانمان نییە. دەشڵێت، "پێویستە حکومەتی هەرێم هاوشێوەی بەغدا باجی سەر هاوردەکردنی خۆراک هەڵبگرێت".
ئەمڕۆ هەینی، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە وتاری کردنەوەی فێستیڤاڵی بەهارەدا وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا وتی، لە دوو ساڵی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا بە هەوڵی حکومەتی خۆجێی و حکومەتی هەرێم و ژوری بارزگانی سلێمانی و یەکێتی هاوردە و هەناردەکارانی کوردستان و ئێران لە رێگەی شەش دەروازەی سنوری و فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە توانرا خۆراکی پێویست دابینبکرێت و جوڵەی بازرگانی نەوەستێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ژوری
بازرگانی زیاتر لە ٧٠٠ عەمباری پێکەوە دروستکردووە، بووە بە گەنجینەیەکی ستراتیجی
هەرێم و عێراق و خۆراکییان تێدا
هەڵگیراوە.
وتیشی، "لە ئێستاوە
تا یەک ساڵی دیکە ئەگەر برنج و زهیت هاوردە نەکرێت کێشەمان نابێت، چونکە بڕی
پێویستمان عهمبار كردووه، دڵنیاتان دهكهمهوه ئهم قهیرانه تێدهپهڕێنین".
پارێزگاری سلێمانی ئەوەشی
خستەڕوو، عەمبار و کۆگاکان توانای دابینکردنی خۆراکی یەکساڵییان بەگوێرەی داخوازی
و پێویستی بازاڕ هەیە.
ئاشکراشی کرد، بازرگانەکان سەرچاوەی دیکەیان دۆزیوەتەوە تا لە
رێیانەوە پێداویستی خۆراک دابین بکەن.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا
هەڤاڵ ئەبوبەکر داوای لەحکومەتی هەرێم کرد، هاوشێوەی تێپەڕاندنی قۆناغی کۆرۆنا
دەسەڵاتی لامەرکەزی بداتە پارێزگاکان بە ئامانجی بەرهەمهێنانی خۆراک لەناو پارێزگاکاندا
و دابینکردنی لەلایەن کۆمپانیاکانەوە.
هەروەها، داواشی کرد
هاوشێوەی حکومەتی فیدڕاڵی، حکومەتی هەرێم باج لەسەر هاوردەکردنی ماددەی خۆراک و
خواردەمەنی سەرەکی هەڵبگرێت و پەبەندبوونی خۆی بە بڕیارەکەوە رابگەیەنێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوە ی
چەند رۆژێکە نرخی هەندێک لە خواردەمەنییەکان بەرز بووەتەوە و ئەمەش ترسی لای هاوڵاتییان
دروست کردووە و تا رادەیەک بۆتە هۆی قۆرخکاری لە بازاڕدا.