سەردێڕ:

سیستمی گومرگی عێراق لە ئیبراهیم خەلیل جێبەجێ دەكرێت

PM:01:45:01/04/2026

948 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەماهەنگییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، لە ٣ـی ئەم مانگەوە سیستەمی داتای گومرگی پێشوەختە (ئەسیکۆدا) لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە ١ـی نیسانی ٢٠٢٦، سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری دەستەی گومرگی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی، "لە رۆژی ٣ـی نیسانی ٢٠٢٦، سیستمی داتای گومرگی پێشوەختە بۆ هاوردەکردنی خۆراک و دەرمان لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل چالاک دەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەنگاوە وەرچەرخانێکی ئەرێنییە لە هەماهەنگیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم، دوای چەندین ساڵ لە ناکۆکی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان.

بە وتەی بەڕێوەبەری دەستەی گومرگ، جێبەجێکردنی ئەم سیستمە چەندین ئاسانکاری گرنگ لەگەڵ خۆی دەهێنێت، لەوانە: دابینکردنی دۆلار، هاوردەکاران دەتوانن دراوی بیانی بە نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندییەوە دەستبخەن، هەروەها خێراکردنی کارەکان، کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لە دەروازەکان و خێراکردنی رێکارە کارگێڕییەکان.

چاودێری ورد: کۆنترۆڵکردنی جوڵەی کاڵاکان و دڵنیابوونەوە لە گەیشتنی فەرمی گومرگی بۆ گەنجینەی دەوڵەت.

​سیستەمی ئەسیکۆدا (ASYCUDA) چییە؟

ئەم سیستەمە پڕۆگرامێکی ئەلیکترۆنیی پێشکەوتووە، کە تێیدا پێویستە هاوردەکاران پێش گەیشتنی کاڵاکانیان بۆ دەروازە سنوورییەکان، سەرجەم وردەکارییەکان لەوانە (جۆر، بەها و سەرچاوەی کاڵا) تۆمار بکەن. لە ئێستادا ئەم سیستەمە بووەتە مەرجێکی سەرەکی بۆ رێگەپێدانی گواستنەوەی هەر کاڵایەک بۆ ناوخۆی عێراق.













گەلەری