سەردێڕ:

دەنگی بێستون تاوگۆزی کۆمینتاری ئێن ئاڕ تی سپۆرت گەیشتە پەیجی هەڵبژاردەی عێراق

PM:10:02:31/03/2026

904 جار خوێندراوەتەوە

پەیجی فەرمیی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق، لە نوێترین پۆستیدا ڤیدیۆیەکی تایبەت بە "سپۆتی" هەڵبژاردەی نیشتیمانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەنگی بێستون تاوگۆزی، کۆمێنتاری وەرزشیی کەناڵی "ئێن ئاڕ تی سپۆرت" وەک دەنگی سەرەکی لەسەر ڤیدیۆکە بەکارهێنراوە.


بڵاوکردنەوەی دەنگی ئەم کۆمێنتارە کوردە لە پەیجی فەرمیی هەڵبژاردەی عێراق، وەک ئاماژەیەک بۆ کاریگەری و ناسراویی شێوازی گێڕانەوەی بێستون تاوگۆزی دەبینرێت، کە لە ماوەی رابردوودا بەهۆی جۆش و خرۆش و شێوازە تایبەتەکەی، سەرنجی هەوادارانی وەرزشی لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان راکێشاوە.

ئەم کاردانەوەی زۆری لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتووەتەوە و وەرزش دۆستان بە دەستکەوتێکی مەعنەوی بۆ میدیای وەرزشیی کوردی و کەناڵی ئێن ئاڕ تی سپۆرتی دادەنێن، کە توانیویەتی دەنگ و رەنگی خۆی بگەیەنێتە دامەزراوە فەرمییە وەرزشییەکانی عێراق.

بێستون تاوگۆزی بەو شێوازە پاراو و پڕ لە جۆش و خرۆشەی لە گێڕانەوەدا هەیەتی، نەک تەنها لە ناوخۆدا، بەڵکو توانیویەتی ببێتە ناسنامەیەکی وەرزشیی جیاواز؛ بەکارهێنانی دەنگی ئەو لە سپۆتێکی فەرمیی نیشتمانیدا، سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە توانای ئەم بێژەرە و کەناڵی ئێن ئاڕ تی سپۆرت، سنوورە ناوخۆییەکانیان تێپەڕاندووە.

 













گەلەری