سەردێڕ:

چەند پەیامێکی گرنگی شاسوار عەبدولواحید لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەکە

PM:09:46:31/03/2026

720 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی جوڵانەوەی نوێ دەڵێت، پارتی دژی رێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێیە و دەشڵێت، ئەگەر حکومەت هەڵنەبژێردرێتەوە و پەرلەمان کۆنەبێتەوە ئەم هەرێمەی ئێستا نامێنێت.


ئەمڕۆ سێشەممە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نوێ لە سیمینیارێکدا رایگەیاند، "پارتی رێککەوتنی نەوەی نوێ و یەکێتی پێخۆش نییە و دژیەتی، چونکە پارتی دەیەوێت وەک برا گەورە حوکم بکات پۆستە هەستیارەکان بۆخۆی بەرێت".

ئاماژەی بەوەکرد، "ئەگەر لە هەرێمی کوردستان حکومەت هەڵنەبژێردرێتەوە و پەرلەمان کۆنەبێتەوە ئەم هەرێمەی ئێستا نامێنێت، پارتی حەز دەکات هەموو جومگەکانی حکومەت بەدەست خۆیەوە بێت و حەز ناکات باڵانسی هێز دروستبێت".

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتیشی، "سەرۆکایەتیی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش، دەزگای زانیاری، پاراستن و ئاسایش، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و پەیوەندییەکانی دەرەوە لای پارتییە و پارتی حەز ناکات باڵانسی هێز درووستبێت و نیوەی لێبسێنرێتەوە".

شاسوار عەبدولواحید راشیگەیاند، "مەسرور بارزانی سوودمەندی سەرەکییە لە پێکنەهێنانی حکومەت و کارانەکردنەوەی پەرلەمان".

وتیشی، "داوامانکردووە پاشەکەوتی مووچە، ئەگەر بڕێکی کەمیش بێت مانگانە بخرێتە سەر ژمارە حسابێک کە بتوانن لەو رێگەیەوە پارەی ئاو و کارەبا و زەڕیبەی لێبەن".

باسی لەوەکرد، "لە پرۆژەکەمان لەگەڵ یەکێتی داوای دامەزراندنی گەنجان و هەلی کار و سلفەی زەواج و پێشینیەی نیشتەجێبوونمان کردووە، هەروەها داوای گەڕاندنەوەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و پاشەکەوتی مووچەمان کردووە".

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دوپاتیشیکردەوە، "بەپێی یاسای بودجە دەتوانین خزمەت بە هەموو شوێن و ناوچەیەک بکەین".

دەشڵێت، "ئەگەر پرۆژەکەمان لەگەڵ یەکێتی سەری نەگرت هەروەک هێزێکی بەهێزی ئۆپۆسیزیۆن دەمێنینەوە، چونکە نەوەی نوێ هەرگیز لە شاڕێی خزمەتکردنی خەڵک لانادات".













گەلەری