PM:04:44:11/03/2026
1204 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی وەرزشی ئێران رایگەیاند، لەم بارودۆخەی ئێستادا هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەکەیان ناتوانن بەشداری لە مۆندیالی ئەمساڵ بکەن. ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ئەگەری بەشدارینەکردنی ئێران، پێشبینی دەکرێت، یەکێک لە هەڵبژاردەکانی عێراق یان ئیمارات لە شوێنی ئێران سەربکەون بۆ مۆندیالی ٢٠٢٦.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ـی ئازاری ٢٠٢٦، ئەحمەد دونیا، وەزیری وەرزش و لاوانی ئێران لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد، بارودۆخی ئەمنی و سیاسی دوای هەڵکشانی سەربازیی ئەم دواییە وایکردووە ناردنی تیمی هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەکەیان بۆ بەشداریکردن لەو پێشبڕکێیانەی لەسەر خاکی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، قورس بێت.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، تا ئێستا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە بەشداریی
هەڵبژاردەکەیان نەدراوە و حکومەت و دەسەڵاتدارانی وەرزشیش لە ژێر رۆشنایی پێشهاتە
سیاسییەکانی ئێستادا بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لە دۆخەکە.
ئەوەش لە کاتێکدایە،
ئەمڕۆ سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی جیهان رایگەیاند، ترەمپ پێشوازی لە بەشداریکردنی ئێران
لە مۆندیال دەکات.
مۆندیالی ٢٠٢٦
لە کەنەدا و مەکسیک و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، تاکو ئێستا دیار نییە کام هەڵبژاردەی کیشوەری ئاسیا دەبێتە جێگرەوەی هەڵبژاردەی ئێران، بەڵام دوو سیناریۆ هەن و پێشبینی دەکرێت لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئیمارات یەکێکیان شوێنی ئێران بگرێتەوە، بڕیارە لەسەرەتای مانگی داهاتوو عێراق یاری پاشکۆی جیهانی بۆ گەیشتن بە مۆندیال ئەنجامبدات، بەڵام عیراقیش بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە داوای دواخستنی یارییەکەی کردوە.