PM:01:01:08/03/2026
1052 جار خوێندراوەتەوە
بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، نرخی سوتەمەنی لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەسەرداهات، لە کاتێکدا دابەشکردنی بەنزینی حکومی بە نرخێکی جێگیر بەردەوامە، بەڵام نرخی گازی شل (غازی ماڵان) بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و یەک بتڵ غاز گەیشتووەتە ٢٠ هەزار دینار.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٨ـی ئازاری ٢٠٢٦، نرخی غازی ماڵان لە بازاڕەکاندا بەرزبوونەوەی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و نرخی یەک بتڵ گەیشتووەتە ١٥ بۆ ٢٠ هەزار دینار لە کاتێکدا پێش دەستپێکی شەڕ و ئاڵۆزییەکان نرخی نۆ هەزار دیناربوو.
هاوکات لە بەنزینخانە بازرگانییەکانی هەولێر، نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ بۆ ٩٥٠ دینار بەرزبووەوە، لە کاتێکدا پێشتر لە نێوان ٨٠٠ بۆ ٩٠٠ دیناردا بوو. لە سلێمانیش بە هەمان شێوە نرخەکان روویان لە بەرزبوونەوە کردووە و لیتری بەنزین گەیشتووەتە ٩٢٥ دینار.
سەرەڕای بەرزبوونەوەی
نرخە بازرگانییەکان، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بڵاویکردەوە، دابەشکردنی
بەنزینی حکومی بەردەوامە و نرخەکەی جێگیرە. ئەمڕۆ لە ٤٦ بەنزینخانەی جیاوازی هەولێر
و دەوروبەری، بەنزینی حکومی بە ٧٥٠ دینار دابەش دەکرێت.
بەرپرسانی پەیوەندیدار
ئاماژە بەوە دەکەن کە هۆکاری سەرەکی ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ تێکچوونی دۆخی ئەمنی
ناوچەکە و ئەو جەنگە دەگەڕێتەوە کە کاریگەری راستەوخۆی کردووەتە سەر نرخ و گەیشتنی
سوتەمەنی لە سەرچاوەکانییەوە.