PM:12:35:13/02/2026
1176 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دەكرێت مانگی داهاتوو رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکرێت و سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیش دەڵێت، لەلایەن بەرپرسانی عومانەوە پەیامێکی ئەمریکییەکانی وەرگرتووە و لە تاران تاوتوێی دەکەن.
ئەمڕۆ هەینی ١٣ـی شوباتی ٢٠٢٦، ترەمپ وتی،دەیانەوێت لەگەڵ ئێران بگەنە رێککەوتن و دەكرێت مانگی داهاتوو رێککەوتن بکرێت و پێویستە ئەوە بەخێرایی رووبدات. دەشڵێت، ناتانیاهۆ لە هەڵوێستی ئەوان تێدەگات، دیدارێکی باشی لەگەڵیدا هەبوو.
عەلی لاریجانیش وتی، لەلایەن بەرپرسانی عومانەوە پەیامێکی
ئەمریکییەکانی وەرگرتووە و لە تاران تاوتوێی دەکەن، وتیشی،بۆ گەڕێکی دیکەی
دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان شاندی ئێران و ئەمریکا، هێشتا کات دیاری نەکراوە،
بەڵام هەردوولا پێیان باشە درێژە بە دانوستان بدەن.
بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک ئیسرائیلیش دەڵێت، ترەمپ ویستی بۆچوونی
بزانێت سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئێران و ئەویش گومانی لە چۆنیەتی هەر رێککەوتنێک
لەگەڵ ئێران دەربڕیوە، دەشڵێت، رێككەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە پەیوەست نییە تەنها بە
دۆسییەی ئەتۆمی بەڵكو دەبێت موشەکی بالیستی و گرووپە هاوپەیمانەكانی ئێرانیش
لەخۆبگرێت.