سەردێڕ:

بری پارەی وەرگرتنی بەشەخۆراک دیاریکرا

PM:04:22:22/01/2026

1304 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانیی عێراق نرخی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانەی بۆ هەر هاوڵاتییەک زیادکرد، لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی سلێمانیش رایگەیاند، تا ئێستا هیچ نووسراوێکیان لەو بارەوە بە دەست نەگەیشتووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ـی کانونی دووەمی ٢٠٢٦، محەمەد حەنوون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، "بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، نرخی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە لە ٥٠٠ دینارەوە بۆ هەزار دینار بۆ هەر تاکێک بەرزکراوەتەوە".

هاوکات ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە باس لە کەمکردنەوەی بڕی ئاردیش دەکەن لەو بارەوە وتی، "هیچ کەمکردنەوەیەک لە بڕی ئارد نییە و بەشە ئارد کە نۆ کیلۆگرامە، بە تەواوی دابەش دەکرێت".

بەشەخۆراکی مانگانە لە شەکر، رۆن، برنج، دۆشاوی تەماتە و پاقلەمەنییەکان پێکدێ، بەڵام هەندێک مانگ کەمێک گۆڕانکاری روودەدات.

لای خۆیەوە کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی باسی لەوەکردووە، تا ئێستا بە فەرمی نووسراویان لە وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە پێنەگەیشتووە بۆ ئەوەی پارەکە زیاد بکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر نووسراومان پێ بگات پێوەی پابەند دەبین، چونکە خۆراکەکە لەلایەن ئەوانەوە بۆمان دێت و دابینی دەکەن".

لە ئێستادا بریکارەکان بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانە بۆ هەر تاکێک ٧٥٠ دینار وەردەگرن، ئەوەی خستەڕوو، لەو ٧٥٠ دینارە، ٣٥٢ دیناری بۆ ئێمەیە و ئەوەی تری بۆ خۆیانە بۆ کرێی دوکان و کۆگاکەیانە.













گەلەری